ئەلڤێسیش رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە
دوای تەواوبوونی یارییەكەی نێوان پاراگوای و بەرازیل لە قۆناخی كۆمەڵەكانی جامی كۆپا ئەمەریكا كە یارییەكە بە ئەنجامی 2-2 كۆتایی هات، دانی ئەلڤێس لەلایەن رۆژنامەكانی بەرازیلەوە رەخنەی زۆری لێگیرا و بە كەمتەرخەم تۆمەتبار كرا.
لە یارییەكەدا گۆڵی یەكەمی پاراگوای كە لەلایەن رۆكی سانتاكرۆزەوە تۆماركرا، لەو لایەوە دروست بوو كە ئەلڤێس بەرگری لێدەكات و گۆڵی دووەمیش بە هەمان شێوە ئەوكات دروست بوو كە ئەلڤێس بووە هۆی ئەوەی تۆپەكە لە نێو هێڵی سزای هەڵبژاردەی بەرازیلدا بكەوێتە بەرپێی یاریزانانی پاراگوای.
هەڵەكانی ئەلڤێس بوونە هۆی رەخنەیەكی توندی رۆژنامەكانی بەرازیل و ئەو رۆژنامانە ئەوەیان بە بیر هێنایەوە كە ئەلڤێس كە لە بەرشەلۆنە یاری دەكات یاریزانێكی درەوشاوەی ئاست بەرزە، بەڵام لەگەڵ بەرازیل هیچ ناكات و وەك میسی وایە كە بۆ بەرشەلۆنە هەموو شت دەكات و بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هیچ.