ئەگاسی بووە یەك لە یاریزانە مەزنەكانی تێنس
ئەگاسی بەو بۆنەیەوە گوتی شەرەفمەندم بەوەی دەچمە پاڵ یاریزانە مەزنەكانی تێنسی سەر زەوی، ئەو وەرزشەی هەموو شتێكی بە من و هاوسەرەكەم بەخشی.
ئەگاسی لە كاتی یاریكردنیدا 60 نازناوی بەدەست هێنابوو كە 8 نازناویان هی پاڵەوانیەتییە گەورەكان بوون، لەوانە 4 لە ئوسترالیای كراوە و نازناوێكی رۆلان گارۆس و نازناوێكی ویمبڵدۆن و 2 نازناوی فلاشینگ میدۆرز.
ئەگاسی یەك لەو حەوت یاریزانەی جیهانە كە توانیویانە نازناوی هەر چوار پاڵەوانیەتییە گەورەكەی گراند سلام ببەنەوە.
ئەگاسی یەكەم یاریزان بووە لەسەر هەرسێ یاریگەی (چیمەنی، خۆڵ و رەق) نازناوەكان بەدەست بێنێت و جیا لەوەش ئەگاسی توانیویەتی دووجار پێشەوایەتی هەڵبژاردەی تێنسی ئەمەریكا بكات بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانیەتییەكانی جامی دیڤس لە ساڵانی 1990 و 1992 و میدالیای ئاڵتوونی ئۆڵۆمپیادی ئەتلانتای 1996.