رەنگە مۆز ببێتە هۆی وازهـێنانی رۆبـەرتـــۆ كــارلــۆس

رەنگە مۆز ببێتە هۆی وازهـێنانی رۆبـەرتـــۆ كــارلــۆس
یاریزانی بەناو بانگی بەرازیلی رۆبەرتۆكارلۆس بەرگریكاری یانەی ئانجی روسی رایگەیاند، بیر لە وازهێنانی یەكجاری دەكاتەوە بە هۆی دووبارە بوونەوەی فڕیدانی مۆز لەكاتی یارییەكان وەك دیاردەیەكی رەگەز پەرستی لە دژی یاریزانە رەش پێستەكان، لە یاری نێوان هەردوو یانەی ئانجی و كریلیا سۆڤیتۆڤ، یەكێك لە هاندەرانی یانەی كریلیا مۆزێكی بۆ یاریزان رۆبەرتۆ كارلۆس فڕێدا كە ئەوەش مانای ئەوەیە كە كارلۆسی رەش پێست بە ئاژەڵی (مەیمون) وەسف كراوە، لەدوای ئەم رووداوە كارلۆس رازی نەبوو یارییەكە تەواو بكات چونكە هەستی كرد سوكایەتی پێكراوە، هاوڕێكانی كارلۆس رایانگەیاند كە كارلۆسیان بینیوە لە ژووری خۆگۆڕین دەگریا.
كارلۆس لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مێلی بەریتانی گوتی: لە دوای ئەم رووداوە بیرم لە وازهێنان كردەوە بەڵام بەردەوام دەبم، ئەگەر ئەم رووداوە دووبارە بێتەوە ئەوە واز دەهێنم.
هەروها كارلۆسی تەمەن 38 ساڵ گوتی: دەزانی هەست بەچی دەكەیت كاتێك خۆت بە لاوازی دەبینی، دەبێ ئەم دیاردەیە لە یاریگاكانی تۆپی پێ نەمێنێ، هاوڕێكانم دڵیان دامەوە، سوپاسیان دەكەم چونكە ئەوان منیان خۆش دەوێت، من یاریگام بەجێهێشت لەبەر ئەوەی هەستم بە ناخۆشی رووداوەكە كرد.
دیاردەی رەگەزپەرستی گەورەترین كێشەیە رووبەرووی تۆپی پێی روسیا دەبێتەوە پێش میوانداریكردنی یارییەكانی مۆندیالی 2018.
Top