لە بارەگای نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی شاندی سویدی سەردانی شاری سلێمانیان كرد، لەلایەن هەریەك لە سەڵاح محەمەد كەریم و كەژاڵ كاكە حەمە، ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی ئۆلۆمپی كوردستان و هەردە رەئوف سەرۆكی نوێنەرایەتی و شاناز حەسەن بەرپرسی چاڵاكی ئافرەتان بە نوێنەرایەتی دڵشاد ئاغا بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازیان كرد، لە شاندێكی سویدی كە پێكهاتبوون لە یۆران پیتەرسۆن، وەرزشكاری شارەزاو دێرین و ئەنجامدەری پڕۆژەی وەرزشی و تۆماس ئیكلۆند، ئەندامی فیدراسیۆنی وەرزشی سویدی و دارا ئیبراهیم كوردە كە هاوكاریانە، بەیاوەری د.سەرهەنگ بەرپرسی پەیوەندییەكانی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان، لە دانیشتنەكەدا شاندی میوان باسی مەبەست و ئامانجی خۆیانكرد لەسەردانی كوردستان كە بریتییە لە دۆزینەوەی هاوبەشییەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و سوید تا بتوانن پێكەوە خزمەت بەبواری وەرزشی و بەتایبەت وەرزشی ئافرەتان بكەن، سەبارەت بەچەند پرسیارێك كە ئاراستەمانكردن ئەم زانیاریانەیان بۆ ئاشكرا كردین، گەرچی كارەكانیان بەهاوكاری حكومەتی سویدی دەكەن بەڵام پڕۆژەكانیان ئەهلییەو مەبەستیانە حكومەت دەست تێوەردان نەكات لەكارەكانیاندا، لەچەندین وڵاتی جیهان هاوكاری و پرۆژەیان هەیە بەهیوان لەم هەرێمەش بتوانن ئەم پرۆژانەیان جێبەجێبكەن، گەرچی تێبینیان هەبووە لەسەر كەسی یەكەمی لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان كەكەسێكی سیاسییە، بەڵام پاش ڕوونكردنەوە و سەردانەكان گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە دەكرێت لیژنەی ئۆلۆمپی كوردستان ئەو شەریكە بێت كە پێكەوە بتوانن پرۆژەكانیان جێبەجێبكەن، ئەمان سەرسامن بە ئیشی ئۆلۆمپی و پێیانوایە كاری باش كراوە، دوای گەڕانەوە و هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی كاروبارەكان، دەرەنجامەی سەردانەكەیان دەخرێتەبەردەستی حكومەتی سویدی، گەر بڕیاربدرێت ئەمان لەداهاتوودا دەستبەكارەكانیان دەكەن، سەبارەت بە ئەولەوییەت لەكارەكانیان وتیان: سەرەتا پێویستە دیموكراسی لەبواری وەرزشدا ئەنجام بدرێت و هاوكاریان دەكەین لەم پرۆسەیەدا، پاشان گرنگیدان بەلایەنی ڕێكخستن و ئیدارە كە لاوازی پێوەدیارە، هەروەها ئاڵوگۆڕی خول و كادر و تادەگاتە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەرزشی، لەمانە هەمووی گرنگتر ئەوەیە ئەم كارانە ناكرێت تا ڕەگەزی مێینە لەكارەكاندا نەبێت و گرنگی تایبەتیان پێنەدرێت، پاشان شاندەكە سەردانی یانەی سلێمانی و یانەی ئەفرودێتیان كرد، كەلەساتی سەردانەكەدا چەندین تیپی تازەپێگەیشتوان و لاوانی كوڕان و كچانی یانەكان مەشق و یارییان دەكرد كەجێگەی سەرنجی شاندەكەبوو..