لە پەروەردەی خەبات خولی هاوینەی قوتابیان بەڕێوەچوو

لە پەروەردەی خەبات خولی هاوینەی قوتابیان بەڕێوەچوو
بۆماوەی 10رۆژ لە قەزای خەبات و لە ناحیەكانی كەورگۆسك و ناحیەی رزگاری خولی وەرزشی هاوینە بەڕێوەچوو .
بەمەبەستی زیاتر خزمەتكردنی قوتابیانی دەڤەری قەزای خەبات و دەوروبەری و هەریەك لە قوتابیانی ناحیەكانی رزگاری و كەورگۆسك كە رێژەیەكی زۆری قوتابیان لەم ناوچەیە لە خۆی دەگرێت، چاڵاكی وەرزشی و دێدەوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات، هەڵسا بە كردنەوەی خولی هاوینەی قۆتابیانی قوتابخانەكانی ئەو سنوورە بەرفراوانە، كە خولەكەش بۆماوەی دەرۆژ بەردەوام بوو، رۆژانەش وانەكان لە لایەن مامۆستایانی پسپۆڕی وەرزشی بۆ وانەكانی تۆپی پێ و تۆپی باسكە و تۆپی بالە و تۆپی دەست بەهەردوو شێوازی تیۆری و پراكتیكی بۆ قوتابیان دەوترانەوە، تێیدا ڕاهێنەری وەرزشی و سەرپەرشتیارانی وەرزشی ئامادەی خولەكە بوون. لە بارەی خولەكە مامۆستا حەكیم كانەبی بەرپرسی چاڵاكی وەرزشی و دێدەوانی پەروەردەی خەبات بۆ فایلی وەرزشی گوڵان رایگەیاند و گوتی «ئێمە رۆژانە 10رۆژ خولمان كردەوە بۆ ئەو قوتابیانەی كە لە سنووری پەروەردەی خەبات بوون، مەبەستیشمان لەو خولە ئەوە بوو لە پشووی هاوین سوودێكی زۆر بە قوتابیان بگەینین. ئەو ماوەیەی كە پشوویە هەر وا بەسەر نەبەین، بۆ ئەوەی لە پشووی هاوین زۆرترین زانیاری لەسەر یاساكان و یارییە جۆراو جۆرەكان فێر ببن، ئێمەهەموو هاوكارییەكی قوتابیانمان كردووە، رۆژانە خواردن و پێداویستیمان بۆ دابین كردوون، هەروەها لە دوو بنكە قوتابیان كۆدەكرانەوە و وانەكانیان بۆشی دەكرایەوە، لەوبارەوە زیاتر گوتی كە زیاتر200 قوتابی لە خولەكەش بەشداریان كرد رۆژانەش دوو وانە پێشكەشی قوتابییەكان دەكرا، لەلایەن خۆشیانەوە قوتابیانی بەشداربوو سوودێكی زۆریان لە خولەكە بینی، هیوایان خواست ئەو خولانە ماوەكەی درێژتربێت، چونكە سودی زیاتر دەبێت، لە كۆتاییش كانەبی گوتی سوپاسی بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات دەكەین، كە بە شێوەیەكی زۆر باش پاڵپشتی وەرزشی دەكات لە قەزای خەبات لە گشت خولەكان هاوكاری تەواومان دەكات بۆپێشخستی وەرزش لەم ناوچە بەرفراوانە.
Top