لە چوارچێوەی یارییە دواخراوەكانی خولی بژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێی، وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە سێ یاری گرنگ بەڕێوە بچێت، كە تیاییدا یانەی هەولێر خاوەنی پلەی یەكەمی كۆمەڵەی یەكەم، دەبێتە میوانی یانەی موسڵ لە یاریگەی جامعە لە شاری موسڵ، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانەكە زۆر گرنگە، چونكە بە دەستهێنانی سێ خاڵی یارییەكەی یانەی هەولێر تا رادەیەكی زۆر سەركەوتنی بۆ یاری كۆتایی مسۆگەر دەكات. لە بەرانبەردا یانەی موسڵیش هەوڵ دەدات لە دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكانی عێراق دووربكەوێتەوە و، تەنیا پێویستی بە سەركەوتن هەیە، لە یارییەكی تردا یانەی دهۆك لە یاریگەی دهۆك میوانداری یانەی سەناعە دەكات، ئەم یارییە بۆ یانەی سەناعە چارەنووسسازە، چونكە هەوڵ دەدات سەركەوتن بە دەستبهێنێت و چاوەڕوانی دۆرانی یانەی هەولێر دەكات بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەكان لەگەڵ یانەی هەولێر كەم بكاتەوە و جێگەی لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولی عێراق جێگیر بكات. لە بەرانبەردا یانەی دهۆك ئەم یارییە بە بێ بوونی هیچ فشارێك ئەنجام دەدات و سەركەوتن واتە دووركەوتنەوە لە دابەزین بۆ خولی پلە یەكی عێراق و تا ئێستا زیاتر لە شەش یاری دواخراوی ماوە.
لە چوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی دووەم رۆژی دووشەممە یانەی مینا میوانداری یانەی تەڵەبە دەكات، ئەم یارییە بۆ یانەی تەڵەبە چارەنووسسازە، چونكە لە دابەزین بۆ خولی پلە یەكەكانی عێراق نزیكە و پێویستی بە سێ خاڵی یارییەكە هەیە، بۆ ئەوەی مانەوەی خۆی لە خولی بژاردەی عێراق مسۆگەر بكات. لە بەرانبەردا یانەی مینا هیچ فشارێكی لەسەر نییە و كاریگەری لەسەر ریزبەندی یانەكە لە كۆمەڵەی دووەم ناكات.
تێبینی: یارییەكانی خولی بژاردەی عێراق كاتژمێر 4.30 خولەكی ئێوارە بەرێوە دەچێت.