بۆ یەكەمجار لە مێژوودا... دالاس پاڵەوانی باسكەی ئەمریكایە

بۆ یەكەمجار لە مێژوودا... دالاس پاڵەوانی باسكەی ئەمریكایە
بۆ یەكەمجار یانەی دالاس ماڤرێكس نازناوی خولی یانە پیشەگەرەكانی ئەمریكای لە یاری تۆپی باسكە ناسراوبە (NBA) لە مێژوویدا بەدەست هیناK دوای ئەوەی لە زنجیرە یارییەكانی قۆناغی كۆتاییدا بە ئەنجامی (4-2) لە یانەی مەیامی هیتی بردەوە، لە یاری شەشەمی نێوان هەردوو یانە كە لەیاریگای مەیامی بەڕێوەچوو یانەی دالاس بە ئەنجامی (105-95)خاڵ سەركەوتنی بەدەست هێنا، بەم سەركەوتنە یانەی دالاس چوارەم سەركەوتنی تۆمار كرد و نازناوەكەی مسۆگەر كرد و پێویستی ئەنجامدانی یاری حەوتەم نییە، یاریزانانی یانەی دالاس بە رابەرایەتی یاریزانی ئەڵمانی دیرك نۆڤۆزكی ئاستێكی بەرزیان پێشكەش كرد و بەدرێژایی كاتی یارییەكە لە پێشەوە بوون تا لە كۆتاییدا یارییەكەیان بە جیاوازی 10 خاڵ بردەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژوویاندا جامی خولی باسكەی ئەمریكایان بەرز كردەوە.
یاریزانی ئەڵمانی دیرك نۆڤۆزكی لە یانەی دالاس نازناوی باشترین یاریزانی قۆناغی كۆتایی بە دەست هێنا، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ شاری دالاس یاریزانان پێشوزای گەرمیان لێكرا و ئاهەنگەكانیش بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت، واش چاوەڕوان دەكرێت سەرۆك باراك ئۆباما لە كۆشكی سپی بە فەرمی پێشوازی لە شاندی یانەی دالاس ماڤرێكس بكات.
شایانی باسە خولی (NBA) بەهێزترین خولی باسكەی جیهانە و یارییەكانی بە شێوازی خول لە قۆناغی یەكەم ئەنجامدەدەرێت كەتیایدا یانەكان بە سەر هەردوو گروپی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دابەش كراون دواتر قۆناغی پلای ئۆف دەستپێدەكات تا لە كۆتاییدا هەردوو پاڵەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە قۆناغی كۆتایی لە حەوت یاری رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە و كام یانە چوار سەركەوتن تۆماربكات دەبێتە پاڵەوانی خولی باسكەی ئەمەریكا.
Top