گواردیۆلا: من هۆكاری سەركەوتنەكانی بەرشلۆنە نیم

گواردیۆلا: من هۆكاری سەركەوتنەكانی بەرشلۆنە نیم
جۆسیب گواردیۆلا راهێنەری یانەی بەرشلۆنە دووپاتیكردەوە سەركەوتنەكانی یانەی بەرشلۆنە بۆ خودی یاریزانەكان دەگەڕێتەوە نەك بۆ تواناكانی خودی راهێنەر، گواردیۆلا لە ماوەی سێ ساڵی كاركردنی لە گەڵ یانەی بەرشلۆنە سێ جار نازناوی خولی ئیسپانیا و دوو جار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و دوو جار نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و جارێكیش نازناوی مۆندیالی یانەكان و جامی سوپەری ئەوروپای بەدەست هێناوە، لەگەڵ ئەو هەموو دەسكەوتانە گواردیۆلا پێیوایە ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون توانای هەموو یاریزانەكانە.
گواردیۆلا لە لیدوانێكدا بۆ رۆژنامەی سپۆرت گوتی: ئەو تیپە توانای ئەوەی هەبوو كە ئەم نازناوانە لەگەڵ هەر راهێنەرێكی دیكە بەدەست بهێنێت، بەڵام من نەمدەتوانی ئەم نازناوانە بەبێ ئەو یاریزانانە لێهاتووانە بەدەست بێنم. هەروەها گواردیۆلا گوتی: من لە تۆپی پێ كارێكی زیاتر ناكەم بە بەراورد لە گەڵ راهێنەری هەر یانەیەكی پلە یەك یان پلە دوو، بۆیە خۆم بە باشتر لە راهێنەرێكی دیكە نابینم بەڵام من خۆم ماندوو دەكەم و راستگۆیانە لەگەڵ یاریزانەكانم مامەڵە دەكەم و دەمەوێ بۆچوونی خۆم بۆ یاریزانەكان بگوازمەوە.
Top