ئەحمەد سالار بەرەو پێشمەرگەی هەولێر

ئەحمەد سالار بەرەو پێشمەرگەی هەولێر
یاریزانی بە توانا و گۆڵكاری شاری سلێمانی ئەحمەد سالار نەیتوانی لەگەڵ یانەی نەورۆز بەردەوام بێت، بۆیە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی نایابی كوردستان پەیوەندی بە یانەی پێشمەرگەی هەولێرەوە كرد و یانەی ناوبراویش گرێبەستیان لەگەڵ واژوو كرد،لەمبارەیەوە ئەحمەد سالار گوتی: هەرچەندە من كوڕی شاری سلێمانیم و چەندین یادگاری خۆشم هەیە لەگەڵ یانەی سلێمانی، ئەمساڵیش یارییم بۆ یانەی نەورۆز كرد، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەك نەمتوانی لەگەڵ یانەكە بەردەوام بم و تەنیا یاریم بۆ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەكرد لە خولی بژاردەی عێراق.
لە درێژەی قسەكانیدا ئەحمەد سالار گوتی: سەرەتای ئەمساڵ بەنیاز بووم لەگەڵ یانەی سلێمانی گرێبەست مۆربكەین بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە یانەی دایك، بەڵام دوای قسەكردنم لەگەڵ خەسرۆ گورونی ڕاهێنەر، نەمانتوانی بگەینە رێككەوتن و یانەی پێشمەرگەی هەولێر زۆر هەوڵێدا گرێبەستێكم لەگەڵ مۆربكەن بۆ وەرزی داهاتوو خولی نایابی كوردستان، منیش بە خۆشحاڵییەوە داواكەی ئەوانم قبوڵ كرد. لە وەرزی داهاتوو درێسی یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەپۆشم و بەهیوای ئەوەم بتوانین ئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێنین لەگەڵ یانەی پێشمەرگە.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەحمەد سالار گوتی: گرێبەستەكەم 14ملیۆن دینارە لەگەڵ موچەی مانگانە 600 هەزار دینارە.
شایەنی باسە ئەحمەد سالار پێشتر لە ریزی یانەكانی سلێمانی وپێرس وپێشمەرگەی سلێمانی و نەورۆز یارییكردووە.
لە لایەكی ترەوە یانەی پێشمەرگەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ هەریەكە لە یاریزانان كارساز محەمەد و هەڵمەت عادل یاریزانانی یانەی سیروانی نوێ مۆر كردووە بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوو لە ریزی ئەم یانەیە یاری بكەن.
Top