بە هۆی بەرشلۆنەوە.. شۆڕشێك لە خولی ئینگلتەرا

بە هۆی بەرشلۆنەوە.. شۆڕشێك لە خولی ئینگلتەرا
رۆژنامەی دێلی مێلی ئینگلیزی رایگەیاند یەكێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا سیاسەتێكی تازە پەیڕەو دەكات لەگەڵ یانەكانی ئینگلتەرا لە سەرجەم پلەكاندا بە دامەزراندنی ئەكادیمیەی تۆپی پێ تایبەت بە هەر یانەیەك بە مەبەستی پێگەیاندنی یاریزانە تازە پێگەیشتووەكان، لە دوای دۆڕاندنی یانەی مانچستەر یونایتد بەرامبەر یانەی بەرشلۆنە لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، سێر ئەلێكس فێرگسۆن لە لێدوانێكیدا دووپاتی كردەوە یانەكانی ئینگلتەرا زۆر لاوازترن لەوەی لە یانەی بەرشلۆنە ببەنەوە، چونكە جیاوازییەكی گەورە لە عەقلیەتی پێگەیاندنی یاریزانە تازە پێگەیشتووەكان هەیە لە ئەكادیمیەی بەرشلۆنە بە بەراورد كردن لەگەڵ یانەكانی ئینگلتەرا، فێرگسۆن وتی یاریزانە لاوەكانی بەرشلۆنە بە رێژەیەكی زیاتر مەشق دەكەن لە یاریزانە لاوەكانی ئینگلتەرا، بۆیە ئاستی یاریزانانی بەرشلۆنە زۆر پێشكەوتووترە لە یانەكانی دیكەی جیهاندا.
یەكێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پلانێك دەكات لە وەرزی 2012 – 2013 كە بەپێی ئەم پلانە یارمەتی یانە بچووكەكان دەدرێت بۆ دامەزراندنی ئەكادیمیەی تایبەت بە پێگەیاندنی یاریزانە تازە پێگەیشتووەكان، رێژەی بەشداربووانی یاریزانە ئینگلیزییەكان لەگەڵ یانەكانیان لە خولی ئینگلتەرا ئێستا 38% لەو كاتەی رێژەی بەشداربووانی یاریزانە ئیسپانییەكان لەگەڵ یانەكانیان لە لالیگای ئیسپانیا ئێستا 76%، یەكێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم پلانە بە هیوای ئەوەیە رێژەی یاریزانە ئینگلیزییەكان لەگەڵ یانەكانیان بەرز بكاتەوە بۆ رێژەی 70% لە ساڵی 2018.
Top