لە یاریگاكانی كۆمەڵگەی رۆلان گارۆس لە شاری پاریس یارییەكانی پاڵەوانیەتی رۆلان گارۆسی كراوە لە یاری تێنسی سەر زەوی بۆ وەرزی 2011 كۆتایی هات كە كۆی خەڵاتەكانی زیاتر لە 20 ملیۆن یۆرۆیە و تیایدا هەردوو یاریزانی ئیسپانی رافاییل نادال لە سەر ئاستی پیاوان و كچە یاریزانی چینی نالی لە سەر ئاستی ئافرەتان نازناوەكەیان بەدەست هێنا، لە یاری كۆتایی پیاواندا یاریزانی ئیسپانی رافاییل نادال پۆلینكاری یەكەمی جیهان رووبەرووی یاریزانی سویسری رۆجەر فیدرەر پۆلینكاری سێیەمی جیهان بۆوە، لەدوای یارییەكی بەهێزدا نادال یارییەكەی و نازناوەكەی بردەوە دوای سەركەوتنی بە ئەنجامی سێ كۆمەڵە بەرامبەر كۆمەڵەیەك، ئەنجامی كۆمەڵەكان(7-5، 7-6، 6-7، 6-1)بوو، یارییەكەش زیاتر لە سێ سەعات ونیوی خایاند، نادال بەم سەركەوتنە توانی ژمارەی نازناوەكانی لە رۆلان گارۆس بۆ 6 نازناو بەرز بكاتەوە كە ئەوەش هەمان ژمارەی نازناوەكانی یاریزانی سویدی بیۆرن بۆرگە كە پێش نزیكەی 30 ساڵ تۆماری كردبوو، لە هەمان كاتدا نادال پارێزگاری لە پلەی یەكەمی پۆلینكاری باشترین یاریزانانی جیهان كرد.
لە یاری كۆتایی ئافرەتانیشدا كچە یاریزانی چینی نالی ناوی خۆی لە مێژوو تۆمار كرد وەك یەكەم كچە یاریزانی چین و ئاسیا كە نازناوێكی گەورەی گراند سلام بەدەست دەهێنێت بە بەرزكردنەوەی جامی رۆلان گارۆس، لە یاری كۆتاییدا نالی توانی لە كچە یاریزانی ئیتالی فرانچسیكا سكیاڤۆنی بباتەوە كە هەڵگری نازناوەكە بوو لە ساڵی رابردوو بە ئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6-4، 7-6) بوو، بەم سەركەوتنە نالی سەردەكەوێت بۆ پلەی چوارەمی پۆلینكاری باشترین كچە یاریزانانی جیهان.