لە شاری سلێمانی.. مەڕاسیمی كۆتایی خولی تۆپی دەستی كوردستان بەڕێوەچوو

لە شاری سلێمانی.. مەڕاسیمی كۆتایی خولی تۆپی دەستی كوردستان بەڕێوەچوو
لە شاری سلێمانی لە هۆڵی نوی بە ئامادەبوونی دكتۆر ئاڵان قادر ئەمینداری گشتی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێـتی تۆپی دەستی كوردستان و چەندین بەرپرسی وەرزشی ژمارەیەك لە هاندەرانی یانەكانی تۆپی دەست و نوێنەران و یاریزانانی یانەكان ئامادەی مەڕاسیمی دابەشكردنی خەڵاتی پاڵەوانانی خولەكە بوون، یانەی سلێمانی پاڵەوانی خولەكە بوو بە كۆكردنەوەی 39خاڵ و خەڵاتی 7 ملیۆن دیناری وەرگرت و یانەی سیروانی نوی خاوەن پلەی دووەم بوو بە كۆكردنەوەی 33 خاڵ و خەڵاتی 6 ملیۆن دیناری وەرگرت و یانەی هەولێر خاوەن پلەی سێیەم بوو بە كۆكردنەوەی 32خاڵ و خەڵاتی 5 ملیۆن دیناری وەرگرت و یانەی دووزیش بە تیپی نمونەیی خەڵات كران.
سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەڕاسیمەكە بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ فایلی وەرزشی گوڵان گوتی:ئێمە لە شاری سلێمانی مەڕاسیمی كۆتایمان ئەنجامدا، چونكە یانەكانی پلەی یەكەم ودووەم لە سلێمانی بوون و لە بەرنامەماندا هەیە لە ئایندەیەكی نزیك پاڵەوانێتی تۆپی دەستی یانەكانی كوردستان بۆ ئاستی كچان وخولێكیش بۆ لاوانی یانەكانی كوردستان ئەنجام بدەین.
لە درێژەی قسەكانیدا بێجان ئیبراهیم گوتی: مەبەستمان لە كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە خزمەتكردنی یاری تۆپی دەستە لە كوردستان و گەشە كردنی ئەو یارییە، خۆشبەختانە ئەمساڵ پاڵەوانیەتیەكەمان زۆر بەڕێك وپێكی ئەنجامداوە و ركابەرییەكی بەهێز لە نێوان یانەكان هەبوو.
شایەنی باسە لەم پاڵەوانێتیە هەشت یانە بەشدارییان كرد .
Top