لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو هیچ پڕۆژەیەكی وەرزشی گەورە لە شارەكانی كوردستان نەكراوە كە شایەنی باسكردن بێت، ئەمساڵیش بە هەوڵی ئەندام پەرلەمانتارانی كوردستان لە لیژنەی وەرزشی توانیان بڕی 20 ملیار دینار بۆچەندین پڕۆژەی وەرزشی تەرخان بكەن. لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی، بەم پڕۆژانەش وەرزشی كوردستان بووژانەوەیەكی باش بەخۆیانەوە دەبینێت. لەم بارەشەوە شێردل تەحسین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی وەرزشی بە فایلی وەرزشی گوڵانی راگەیاند و وتی «ئەو 20ملیارە كە ئێمە لە لیژنەی وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان توانیمان تەرخانی بكەین بۆ پڕۆژە وەرزشییەكانی هەرێمی كوردستان داوی چەندین كۆبوونەوەی خۆمان، پشتگیریمان كرد لە هەندێك راسپاردەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كە ئەوان پێشنیاریان كردبوو، پاش ئەوەش من و دكتۆر سائیر بیرمان كردەوە كە ئەو پارەو پڕۆژانەی ئێستا بۆ وەرزش تەرخان كراوە لە تموعی وەرزشوانان نییە، دەبێت هەندێك پڕۆژەی وەرزشی تریش بكەین، پارساڵ 10ملیار دینارمان بۆپڕۆژە وەرزشییەكان تەرخان كرد، بۆئەوەی هەندێك یاریگە دروست بكرێت، ئەمساڵ بارودۆخەكە گۆڕاوە، دكتۆر سائیر پێشنیارێكی كرد بۆئەوەی كاری زیاتر بكرێت بۆ وەرزش و من پشتگیریم كرد لە دكتۆر سائیر هەروەها،10ملیار دینار ئامادە بكرێت بۆ پاڵەوانێتی ڤیڤا كە لە كوردستان ئەنجام دەدرێت لە ساڵی 2012و بۆ بوژانەوەی ژێرخانی وەرزشیش بۆئەو مەبەستەش 5 یاریگە لە هەولێر دروست و نۆژەن بكرێت و لە سلێمانی چوار یاریگە لە دهۆكیش سێ یاریگە ئامادە بكرێت.
10ملیار دینارمان بۆئەو یانانەش ئامادە كردووە كە بەشداری خولەكانی ئاسیایان كردووە، لە ئاییندەش هەوڵ دەدەین بودجەی یانەكانی كوردستان زیاد بكەین، وتیشی ئەو پارەیە هیچ پێوەندی بە لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستانەوە نییە، ئەو 20ملیارەش پشتگیریەكە بۆ وەرزش و بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگەكان و بوژانەوەی ژێرخانی وەرزشیە.