7 یاریزانی پیشەگەر لە ئەوروپا بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق دەكرێن
دوای ئەوەی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق ئەڵمانی سیدكا بۆ ماوەی دوو هەفتە سەردانی وڵاتەكانی ئەوروپای كرد بۆ سەیركردنی ئاستی چەند یاریزانێكی عێراق، كە لە خولەكانی ئەوروپا وەكو یاریزانی پیشەگەر یاری دەكەن بۆ ئەم مەبستە راهێنەر سیدكا بانگهێشتی 7 یاریزانی كردوو بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئۆردوگای مەشقی هەڵبژاردەی عێراق بكەن، كە لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.
لەمباریەوە عەبدولخالق مەسعود ئەمینداری دارایی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێكی تایبەتدا گوتی: راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق سیدكا بەفەرمی بانگهێشتی 7 یاریزانی پیشەگەر لە یانەكانی ئەوروپا كردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئۆردوگای مەشقی هەڵبژاردەی عێراق بكەن، كە لە شاری هەولێر بەرێوە دەچێت و لە هەمان كاتدا بانگهێشتی یاریزانێكی پیشگەر لە خولی یەمەن و یاریزانێكی تر لە خولی ئوسترالیا كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری ئاستی ئەم یاریزانان بێت و ئۆردوگای مەشقی لە 9ی ئەم مانگە لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری بەرێوە دەچێت.
لە درێژەی قسەكانیدا عەبدولخالق مەسعود گوتی: راهێنەر سیدكا بانگهێشتی هەریەكە لە گۆڵچی شوان جەلال(یانەی بۆرنمۆس ئینگلیزی لە خولی پلە یەك یاری دەكات و كوردە)، یاسر عیدان (یانەی برایتۆن ئینگلیزی لە هێڵی بەرگری و ئەرتكاز یاری دەكات)، راوێژ لاوان فەرهاد(یانەی نۆردس یلاندی دانیمارك یاری دەكات و پاڵەوانی جامی دانیماركە لەم وەرزە و لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات و كوردە)، داوود حەیدەر عەزاوی (لە یانەی هاڵسشر-ی ئەڵمانی یاری دەكات و لە هێڵی بەرگری یاری دەكات)، ئوسامە رەشید(یانەی ئێف سی دین بۆشی هۆڵەندی و هەڵبژاردەی لاوانی هۆڵەندە یاری كردووە و لە هێڵی باڵی چەپ یاری دەكات)، ئەنمار مباركی(یاریزانی هیراكلیس میلۆ هۆڵەندی و لە هێڵی هێرشبەر یاری دەكات)، ئەحمەد یاسین (یانەی ئۆبرۆ لە خولی پلە نایابەكانی سوید یاری دەكات و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە)، موراد گەردی (یاریزانی یانەی سەقری یەمەنی و لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەكات و كوردە)، عەلی عەباس(یاریزانی نیوكاسیل جیتس ئوسترالی یاری دەكات و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە).
وا بڕیارە ئەم یاریزانانە لە چەند رۆژی داهاتوو بگەنە شاری هەولێر بۆ ئەوەی پەیوەندی بە مەشقەكانی هەڵبژاردەی عێراق بكەن.