بە بۆنەی بە دەستهێنانی جامی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی یاریگایەكی نێودەوڵەتی دەكاتە دیاری بۆ یانەی زاخۆ

بە بۆنەی بە دەستهێنانی جامی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی یاریگایەكی نێودەوڵەتی دەكاتە دیاری بۆ یانەی زاخۆ
دوای ئەوەی یانەی زاخۆ توانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی جامی هەرێمی كوردستان بۆ تۆپی پێ بە دەستبهێنێت لە یاری كۆتایی لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بباتەوە بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرانبەر بە دوو گۆڵ، بۆ ئەم مەبەستە رێزدار نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا یاریگایەك بكاتە دیاری بۆ یانەی زاخۆ.
لەمباریەوە عەبدولوەهاب بارزانی سەرۆكی یانەی زاخۆ لە لێدوانێكی تایبەتدا وتی: رێزدار نێچیرڤان بارزانی بڕیاری دا یاریگایەكی نێودەوڵەتی لەسەر یاریگەی ئێستای بارزان بۆ یانەی زاخۆ دروست بكات وەكو دیارییەك بۆ ئەم یانەیە، كە توانی یەكەمین نازناوی لە مێژووی خۆیدا بە دەستبهێنێت.
لە درێژەی قسەكانیدا عەبدولوەهاب بارزانی وتی: بۆ ئەم مەبەستە چەند ئەندازیارێكی تایبەتمەند سەردانی یاریگەی بارزان-یان كرد بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێكی تێر و تەسەل بە مەبەستی دروستكردنی ئەم یاریگایە، وا بڕیار بوو رۆژی شەممە دەست بە تێكدانی یاریگەی بارزان بكرێت، بەڵام ئێمە رێگەمان نەدا، چونكە لە خولی بژاردەی عێراق چوار یاریمان ماوە و سێ لەم یارییانە لە یاریگەی بارزان ئەنجام دەدەین بۆیە داوامان كرد دوای تەواوبوونی خولی بژاردەی عێراق ئینجا دەست بە تێكدانی یاریگەی بارزان بكرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدولوەهاب بارزانی وتی: وەكو دەستەی كارگێڕی یانەی زاخۆ سوپاسی رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەكەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییە و هیوادارین بتوانین ئەنجام و نازناوی باشتر بۆ یانەكەمان لە پاڵەوانێتیەكان بە دەستبهێنین.
Top