سەڕەرای ئەوەی یانەی بەرشلۆنە هۆكاری دوورخستنەوەی یانەی ئەرسناڵی ئینگلیزی بوو لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئەوەش بووە هۆی نائومێدی یاریزانی یانەی ناوبراو سیسك فابریگاس لە بەدیهێنانی خەونە گەورەكەی لە بردنەوەی ئەم نازناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوشدا یاریزان فابریگاس هاندەری یانەی بەرشلۆنە دەبێت لە یاری كۆتایی بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد كەوا بڕیارە لە 28ی ئایار لە یاریگای ویمبلی لە شاری لەندەن ئەنجام بدرێت، رۆژنامەی ئەلمۆندۆ دیپۆرتیڤۆی كەتەلۆنی دووپاتیكردەوە فابریگاس لە ناو یاریگای ویمبلی ئامادە دەبێت وەك هاندەرێكی یانەی بەرشلۆنە كە پێشتر لەم یانەیە دەستی بە یاریكردن كردووە، رۆژنامەكە ئەوەشی روونكردەوە كە فابریگاس پێوەندییەكی دۆستانەی بەهێزی لەگەڵ یاریزانانی بەرشلۆنە هەیە بەتایبەتی ئەو یاریزانانەی لە قوتابخانەی لاماسیا گەورە بوون وەك جیرارد پیكی و كارلیس پیۆل و ڤكتۆرڤالدیس و ئەنیێستا و زا ڤی.
لە ژێر ناونیشانی سیخوری پیب لە وڵاتی ئینگلیز رۆژنامەكە راپۆرتێكی بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژە بەوە دەكات راهێنەری بەرشلۆنە پیب گواردیۆلا لەوانەیە سوود لە ئەزموونی فابریگاس وەربگرێت لە خولی ئینگلتەرا و یاریكردنی بەرامبەر مان یونایتد بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر دەربارەی خاڵە بەهێز و لاوازەكانی شەیتانە سوورەكان .