جۆن تێری.. لە ستامفۆرد بریدج كۆتایی بە ژیانی وەرزشی دەهێنێت

جۆن تێری.. لە ستامفۆرد بریدج كۆتایی بە ژیانی وەرزشی دەهێنێت
جۆن تێری كاپتنی یانەی چێلسی هیوای ئەوەی خواست لە یاریگای ستامفۆرد بریدج كۆتایی بە ژیانی وەرزشی خۆی بهێنێت و ماڵئاوایی لە جیهانی تۆپی پێ بكات، هەروەها ئەوەشی دووپات كردەوە هەوڵ دەدات بەم نزیكانە بۆندەكەی لەگەڵ یانەی چێلسی درێژ بكاتەوە كە خۆشترین و باشترین كاتەكانی لەگەڵ ئەم یانەیە بووە،، بۆندی تێری لەگەڵ بلوز لە ساڵی 2013 كۆتایی دێت، جۆن تێری ئەوەشی ئاشكرا كرد لەگەڵ هیچ یانەیەكی دیكە یاری ناكات.
جۆن تێری لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: من هیوادارم بۆندەكەم بە لانی كەمەوە بۆ ساڵێكی دیكە درێژ بكەمەوە، هەوڵدەدەم تا دەتوانم لێرە بەردەوام بم، من ئەو یانەیەم خۆش دەوێت و حەز ناكەم هەرگیز بەجێی بهێڵم. هەروەها تێری وتی: من وەك جەماوەر، یانەی چێلسی بە ماڵی خۆم دەزانم، لێرە چەندین ساڵە یاری دەكەم و دەسكەوتی گەورەمان بەدەست هێناوە، من خۆم بە بەختەوەر دادەنێم كە كاپتنی ئەو تیپەم.
شایانی باسە جۆن تێری لەگەڵ یانەی چێلسی سێ نازناوی خولی ئینگلتەرا و چەندین جارجامی ئینگلتەرا و جامی كارلینگی بەدەست هێناوە.
Top