لە جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی. هەولێر و دهۆك دوو یاری چارەنووسساز ئەنجام دەدەن
یانەی دهۆك لەسەر یاریگای خۆی لەبەردەم هاندەرانی یانەكەی لە یارییەكی چارەنووسازدا میوانداری یانەی دیمبۆی هیندی دەكات لە چوارچێوەی یارییەكانی قۆناغی 16ی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێی، بە دەستهێنانی سەركەوتن بۆ یانەی دهۆك هەلێكی زێڕینە،چونكە یەكمجارە یانەی دهۆك بگاتە قۆناغی شانزدەی ئەم پاڵەوانێتیە.
هەر لە هەمان رۆژ یانەی هەولێر لەسەر یاریگای خۆی لەبەردەم هاندەرانی خۆیدا یاریزانانی قەڵای زەرد لە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێدا ڕووبەڕووی یانەی تامبینس ڕۆڤەرزی وڵاتـی سەنگافورە دەبێتەوە، یانەی هەولێر هەوڵ دەدات وەكو وەرزی 2008-2009خۆیان بگەێنە قۆناغی هەشتەی پاڵەوانێتیەكە.
پێشبینی سەركەوتن بۆ یانەكانی كوردستانە
بەپێی پێشبینیەكانی وەرزشەوانانی كوردستان ئەنجامی هەردوو یاری بۆ یانەكانی كوردستانە، چونكە هەردوو یانە لەسەر یاریگای خۆیان یاری دەكەن، هەردوو یانە دیمبۆی هیندی و تامبینس رۆڤرز سەنگافوری لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجامیان وەكو پێویست نییە، بەڵام یانەی هەولێر لە پێنج یاری ڕابردوو،لە دەرەوەی یاریگای خۆی باشتر یاری كردووە .
هاندەران رۆڵی خۆیان هەیە
هاندەرانی هەردوو یانەكی كوردستان زۆرترین رێژەی بینەرن لە ئامادەبوونی یارییەكانی جامی یەكێتی ئاسیا، یانەی دهۆك لە پلەی یەكەم دێت دوای ئەوەی 52هەزار هاندەر لە سێ یاری رابردووی یانەكەی لە یاریگاكان ئامادەبوون، یانەی هەولێریش لە پلەی دووەم دێت دوای ئەوەی47 هەزار هاندەر لە یارییەكانی یانەی هەولێر ئامادەبوون.