هەندرێن بۆیەكمجار بە نازناوی خولی كوردستان شاد بوو
هەفتەی رابردوو یانەی هەندرێن لە دوا یاری كە توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت بەسەر یانەی برووسك بە دووگۆڵی بێ بەرامبەر و بەپاڵەوانێتی خولەكە دەست نیشانكرا، دوای ئەوەی توانی لەسەرجەم یارییەكان 51خاڵ كۆبكاتەوە، دواتریش هاندەران و یاریزانانی یانەی هەندرێن خۆشی وشادییان دەربڕی،لە بارەی ئەو نازناوەش سەمەد جەوهەر ڕاهێنەری یانەی هەندرێن بۆفایلی وەرزشی گوڵان وتی « ئێمە هەر لە سەرەتاوە تیپێكی باشمان پێك هێنا لەو یاریزانانەی لە لای ئێمە یارییان دەكرد،بەهیوای ئەوەشبووین كەوا ئەنجامێكی بەرچاوبەدەست بهێنین لەم وەرزەی خولی تۆپی پێی كوردستان،بەهەموو لایەكمان وەكو دەستەی ڕاهێنەران ویاریزانان ودەستەی كارگێڕی بەهەماهەنگی كارمان دەكرد لەگەڵ یەكتری هەركەس و بەپێی پێویست لەبواری خۆی كاری بۆ یانەكە كردووە،تیپێكی یەكڕیز و تەبامان پێكهێنا،ڕۆژانەش زۆر بەجدی كارمان دەكرد بۆئەوەی ئەنجامێكی باشمان هەبێت هەرچەندە دەشمانزانی ئەركمان قورس دەبێت،بەڵام بڕاوشمان بەخۆمان هەبوو.
بارزان شێرزاد یاریزانی یانەكە وتی «ئێمە هەر لەسەرەتای خولی نایابی كوردستان زۆر بە شێوەیەكی رێكوپێك پێوەندیمان بە یانەكەمان هەبوو لەگشت ڕوویەك، لە ڕووی مەشقەكانیش زۆر ئیلتیزاممان هەبوو،یاریزانەكان بێ كێشە بوون،هەموومان بەیەك رووح و بەیەك دڵ و گیان یاریمان دەكرد تەنیا بۆئەوەی بتوانین نازناوی خولی نایابی ئەمساڵ بۆیانەكەمان بێت،وتیشی یانەكانی تریش بەهێز بوون،بەڵام ئێمە بەپێی رێنماییەكانی دەستەی ڕاهێنەرانمان جێبەجێ دەكرد لە نێو یاریگا هیچ كەموكوڕییەكی وامان نەبوو كە ببێتە هۆی خراپی ئاستمان و یانەكەمان تووشی دۆڕان ببێت،دەستەی كارگێڕی یانەو سەرۆكی یانەكەشمان هاوكاری بەردەوامی یاریزانان ودەستەی كارگێڕی بوو.
فەرهەنگ تەها كاپتنی یانەی هەندرێن وتی «سوپاس بۆخوای گەورە توانیمان ئەو نازناوەش بۆخۆمان بەدەست بهێنین لەدوای ساڵی 2003 بۆیەكمجارە بەو نازناوە شاد بین و ئاواتەكەمان هاتەدی و توانیمان ئەو نازناوە بۆخۆمان یەكلایی بكەینەوە لەكۆتایی هەفتەی یارییەكان و لەسەرەتای خولەكە تاكۆتایی خولەكە بەهیوای ئەوەشین بتوانین لەساڵانی داهاتوو، نازناوی ئەو جامە بپارێزین وپارێزگاری كردن لە نازناویش ئەركێكی زەحمەتە بۆیە هەوڵی زۆری پێویستە.
شوان مەجید یاریزانی هێڵی بەرگری یانەكە وتی: سوپاس بۆخوا توانیمان ئەمساڵ ئەونازناوە بە ماندووبوونێكی زۆر بۆخۆمان یەكلایی بكەینەوە،هەرچەندە لەسەرەتای خولەكەوە تاكۆتایی ماندووبوون وهیلاكیمان چێشت . بەڵام گەیشتنین بە ئامانجی خۆمان كە بەرزكردنەوەی نازناوەكە بوو،بۆیە دەستەی كارگێڕیی یانەكەو ڕاهێنەرانی یانەكە زۆر ئەركیان لەگەڵمان كێشا.