رۆناڵدۆ..جۆنینهۆ نموونەیەكی راستەقینەیە

رۆناڵدۆ..جۆنینهۆ نموونەیەكی راستەقینەیە
ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیلی رۆناڵدۆ ستایشی هاووڵاتیەكەی خۆی یاریزان جۆنینهۆ یاریزانی ئێستای یانەی غەرافەی قەتەری و یاریزانی داهاتووی یانەی ڤاسكۆ دی گامای بەرازیلی كرد بەهۆی ئەو هەڵوێستەی كە نواندی بەرامبەر بە یانە بەرازیلیەكە دوای ئەوەی رازی بوو یاری بۆ یانەی ناوبراو بكات بەرامبەر بە 382 دۆلار وەك مووچەی مانگانە لەو كاتەی بڕیاری دا ئەو مووچە گەورەیەی یانەی غەرافە لەبیر بكات.
رۆناڵدۆ كە بەیاریزانی دیاردە ناسراوەو لەگەڵ جۆنینهۆ یاری كردووە لە هەڵبژاردەی بەرازیل رایگەیاند هەڵوێستی جۆنینهۆ وایلێكردووە نموونەیەكی راستەقینە بێت بۆ سەرجەم یاریزانان لە بەرازیل، چونكە ئەم یاریزانە دەیەوێت یارمەتی یانەی ڤاسكۆ دی گاما بدات و رازی بوو ئەو مووچە كەمە وەربگرێت لەبەر خۆشەویستی بۆ یانەكەی كە لەساڵی 2001 بەجێهێشتبوو.
رۆناڵدۆ لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی گلۆبۆ سپۆڕتی بەرازیلی وتی: نازانم چۆن وەسفی ئەو هەڵوێستەی جۆنینهۆ بكەم، ئەو رابەرێكی راستەقینە و نموونەیەكی دەگمەنە لە نێویاریزانان، وابزانم هیچ یاریزانێكی تۆپی پێ لەم سەردەمە رازی نابێت یەك دۆلار لە مووچەكەی كەمبكرێتەوە، بەڵام كارەكەی جۆنینهۆ كارێكە كە دەگمەنە رووبدات.
شایانی باسە یاریزان جۆنینهۆ بۆندێكی لەگەڵ یانەی ڤاسكۆ دی گام مۆركرد بە مووچەی 382 دۆلار مانگانە، پێشتریش بۆ ماوەی 7 ساڵ لە سەریەك نازناوی خولی فەرەنسای لەگەڵ یانەی لیۆن بەدەست هێناوە و دواتر پێوەندی بە یانەی غەرافە كرد بۆ ماوەی دوو وەرز و نازناوی خولی قەتەر و جامی میر و جامی جێنیشینی میر و جامی ئەستێرەكانی قەتەری بەدەست هێناو ئێستا تەمەنی 36 ساڵە.
Top