بۆندەكانی داهاتوو بۆ مان یونایتد ئاشكرا كران

بۆندەكانی داهاتوو بۆ مان یونایتد ئاشكرا كران
رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد سێر ئەلێكس فێرگسۆن بڕیاری ئەو بۆندانەی داوە كە بەنیازە ئەنجامی بدات لەگەڵ چەند یاریزانێك لە هاوینی داهاتوو بەمەبەستی بەهێزكردنی تیپەكەی، رۆژنامەكە دووپاتی كردەوە كە فێرگسۆن پێنج یاریزانی دەست نیشانكردووە بۆ ئەوەی بۆندییان لە گەڵ مۆر بكات لە هاوینی داهاتوو لە سەرجەم هێلەكانی تیپەكەی بەپێی پێویستی هونەری و بەپێی توانای دارایی خاوەنەكانی یانەی مان یونایتد.
گرنگترین ئەو بۆندانەی كە مان یونایتد هەوڵی بۆ دەدات هێنانی یاریزان و گۆڵچی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی دی خیایە بۆ ئەوەی شوێنی گۆڵچی هۆڵەندی ئەدوین ڤاندەر سار بگرێتەوە كە واز لە یاریكردن دەهێنێت، هەروەها فێرگسۆن چاوی لە سەر یاریزانی یانەی لانسی فەرەنسی ڤارانی داناوە هەروەها یاریزانی یانەی شاختاری ئۆكرانی یاریزانی لاوی بەرازیلی دۆگلاس كۆستا یەكێكە لەو یاریزانانەی كە یانەی مان یونایتد و راهێنەرەكەی هەوڵی مۆركردنی بۆندی لەگەڵ دەدەن.
لە لایەكی دیكەوە یانەی مانچستەر یونایتد دوو بۆندی گەورەی داناوە كە راهێنەر فێرگسۆن ئامانجەكەی دەمێكە ئاشكرا كردووە، ئەویش هێنانی یاریزانی هۆڵەندی ویسلی شنایدەرە ئەستێرەی یانەی ئینتەر میلانی ئیتالی كەوا پێدەچێت نرخەكەی زۆر بەرز بێت، لەهەمان كاتدا راهێنەری یانەی شەیتانە سوورەكان داوای هێرشبەری ئۆرگوایی دیگۆ فۆرلان دەكات وەك هێرشبەر دوای ئەوەی ئاستێكی بەرزی لە مۆندیالی 2010 پێشكەشكرد و بەباشترین یاریزان دەست نیشانكرا.
Top