لە گۆڵ تۆماركردن تۆتی بە پێش باجیۆ كەوت

لە گۆڵ تۆماركردن تۆتی بە پێش باجیۆ كەوت
ژمارەی گۆڵەكانی فرانچیسكۆ تۆتی كاپتنی یانەی رۆما لە خولی ئیتاڵیا گەیشتە 206 گۆڵ و بە پێش یاریزانی پێشووی نێودەولەتی رۆبەرتۆ باجیۆ كەوت كە 205 گۆڵی تۆمار كردووە، تۆتی لە دوا یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی باری دوو گۆڵی تۆمار كردو بووە پێنجەمین گۆڵكەر لە مێژووی خولی ئیتالیا.
تۆتی تەمەن 34 ساڵ هەموو گۆڵەكانی لەگەڵ یانەی رۆما تۆمار كردووە كە تاكە یانەیە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوو یاری بۆ كردووە، بەڵام لەو ماوە دوورو درێژەدا تۆتی تەنیا یەك نازناوی خولی ئیتالیای بەدەست هێناوە لە ساڵی 2001 لەگەڵ راهێنەری بەناوبانگ فابیۆ كاپیلۆ، تۆتی لەم وەرزەدا 14 گۆڵی تۆماركردووە كە 8یان لە لێدانی سزا بووە.
شایانی باسە یاریزان سیلڤیۆ پیۆڵ لە پلەی یەكەمی ریزبەندی گۆڵكەرانی مێژوویی خولی ئیتالیا دێت بە تۆماركردنی 274 گۆڵ لە 537 یاری لە ساڵانی 1929 تا 1954، یاریزانی سویدی گۆنار نۆردال لە پلەی دووەم دێت بە تۆماركردنی 225 گۆڵ لە 291 یاری لەساڵانی 1948 تا 1958، دواتر یاریزان جۆسیبی میاتزا لە پلەی سێیەم دێت بە تۆماركردنی 216 گۆڵ لە 367 یاری لەساڵانی 1929 تا 1947، لە پلەی چوارەم یاریزانی بەرازیلی جۆزێ ئەلتافینی دێت كە ئەویش 216 گۆڵی تۆماركردووە، بەڵام لە 459 یاری لە ساڵانی 1958 تا 1976، فرنچیسكۆ تۆتی هاتە پلەی پێنجەم بە تۆماركردنی 205 گۆڵ لە 471 یاری لەساڵی 1992 تا ئەمڕۆ.
Top