دوای ئەوەی كچانی یانەی ئاڵا بۆ گۆڕەپان و مەیدان توانیان لە پاڵەوانێتی عێراق لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان و لاوان پلەی یەكەم بە دەستبهێنن، كە پاڵەوانێتیەكە لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو، دوای گەڕانەوەی شاندەكە لە شاری بەغداد پێشوازیان لێكرا، سەرەتا پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی پێشوازی لێكردن و دەستخۆشی لەم دەستكەوتە مێژوویەی لێكردن و هیوای خواست بەردەوام بن لە بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی ببنە نوێنەری راستەقینەی شاری هەولێر لەم یارییە، دواتر وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان سەفین دەزیی پێشوازی لەم تیپە كرد، وێڕای دەستخۆشی لە بە دەستهێنانی ئەم ئەنجامە باشە و تەئكیدی لەوە كردەوە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە تیپەكە دەكات. دواتر پشتیوان سادق بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لەم تیپە كرد و كچە یاریزانەكان و راهێنەرەكانی یانەی ئاڵای خەڵات كرد و هیوای خواست لە داهاتوو ئەنجامی باشتر بە دەستبهێنن، لە كۆتایی دا ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و شیلان دۆسكی بەرپرسی مەكتەبی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ئەوروپا پێشوازی لەم تیپە كرد و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەم ئەنجامە گەورەی كچانی ئاڵا كرد، كە توانیان لەنێو جەرگەی بەغداد پلەی یەكەم بە دەستبهێنن. لە كۆتایی سەردانەكەدا سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین كچە یاریزانەكانی خەڵات كرد بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێك تاكو لە پاڵەوانێتیەكانی تر ئەنجامی باشتر بە دەستبهێنن.