زاڤی هێرناندیز نهێنیەكانی ئاشكرا دەكات

زاڤی هێرناندیز نهێنیەكانی ئاشكرا دەكات
لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ گۆڤاری وۆرلد سۆكەری ئینگلیزی تایبەت بە یاری تۆپی پێ، زاڤی هێرناندیز یاریزانی یانەی بەرشلۆنە كە بە پادشای هێلی ناوەڕاست ناسراوە چەند نهێنیەكی ژیانی وەرزشی خۆی ئاشكرا كرد كە بۆ یەكەمجارە بڵاودەكرێتەوە، یەكێك لە نهێنیەكان كە زاڤی ئاشكرای كرد بەجێهێشتنی یانەی بەرشلۆنە بوو لە تەمەنی 17 ساڵیدا، لەمباریەوە وتی: لە تەمەنی 17 ساڵیدا یانەی میلان داوای كردم، باوكم هانی دام بۆ ئەوەی لە خولی ئیتاڵیا یاری بكەم، زۆر بیرم كردەوە و خەریك بوو رازی بم، بەڵام لە دوا سات بڕیاری مانەوەم دا، هەستم كرد كە داهاتووم لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەیە ئەو تیپەی كە من زۆر خۆشم دەوێت.
دەربارەی نهێنی پاسەكانی كە بەدەگمەن هەڵەیە، زاڤی وتی: هەوڵ دەدەم بە هێمنی پاس بە سەرجەم هاوڕێكانم بدەم، كارێكی راست نییە لە سێ هێرشدا پاسێك نەدەمە دانیال ئەلڤێس كە ماوەیەكی زۆر دەبڕێت بۆ دروستكردنی هێرشێك، بە هەمان شێوە لەگەڵ ئینێستا و دیڤید ڤیا و پیدرۆ و لیۆ میسی مامەڵە دەكەم.
سەبارەت بەو یانەیەی كە خۆشی دەوێت لە دوای یانەی بەرشلۆنە زاڤی وتی: من لە هەوادارانی خولی ئینگلیزیم و یانەی مان یونایتدم خۆش دەوێت، ئەگەر بۆ تیپێكی دیكە یاری بكەم ئەوە بێگومان یانەی مان یونایتدە، سەبارەت بە خولی ئیتاڵیا راستگۆیانە خولێكی سەرنج راكێش نییە و بێزارت دەكات لەگەڵ ئەوەشدا سەیری هەندێك لە یارییەكان دەكەم لە رێگەی تیڤیەوە.
Top