دوای ئەوەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بۆ چەندین جار دواخرا بە بیانووی جیاواز، بۆ ئەم مەبستە چەندین كەسایەتی خۆیان بۆ ئەندامیەتی و سەرۆكایەتی ئەم یەكێتیە دەستنیشان كردووە و ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق هەریەكە لە حوسێن سەعید و فەلاح حەسەن و رەنگە ناجح حەمود پاڵێوراون و بۆ پۆستی جێگری یەكەم و دووەم و هەروەها چەندین كەسایەتی خۆیان پاڵێوراو كردووە بەهەمان شێوە بۆ ئەمینداری دارایی و ئەندامیەتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق. ئەوەی گرنگ بێت لە بەرواری 10-5-2010 لە هۆتێلی سدیر لە شاری بەغداد بە ئامادەبوونی گشت ئەندامانی دەستەی گشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بڕیارێك بە كۆی دەنگ درا، ئەویش نابێت ئەو كەسەی كە خاوەن دوو رەگەزنامەیە خۆی بۆ سەرۆكایەتی یاخود ئەندامێتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق هەڵبژێرێت.
ئێستا كێشەیەك لەسەر ئەم بڕیارە دروست بووە، چونكە فەلاح حەسەن كە خۆی بۆ سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق هەڵبژاردەووە خاوەن رەگەزنامەی عێراق و رەگەزنامەی ئەمەریكیە بۆیە ناتوانێت بەشداری لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بكات، دەبێت فەلاح حەسەن دەستبەرداری رەگەزنامەی ئەمەریكی بێت تاكو بتوانێت بەشداری لە پێشبڕكێی هەڵبژاردن بكات، ئەمەش تا راددەیەك كارێكی قورسە.