بێجان ئیبراهیم:
خولی نایابی یانەكانی كوردستان لە تۆپی دەستی ئەمساڵ بە بەشداری هەشت یانە دەستی پێكردووە، لە قۆناغی یەكەمیش ململانێی بەهێز هەبوو.
خولی تۆپی دەستی یانەكانی كوردستان لە وەرزی نوێی ئەمساڵ ئاستێكی بەرزی بەخۆیەوە بنیوە، بۆیە چەند یانەیەك لە قۆناغی یەكەم ململانێی بەهێز هەبوو لە نێوان تیپە بەشداربووەكان، بۆیە لە قۆناغی دووەم پێشبینی ئاستی بەرزتر دەكرێت، لەمباریەشەوە بێجان ئیبراهیم سەرۆكی یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان بۆفایلی وەرزشی گوڵان لە بارەی خولی تۆپی دەستی ئەمساڵ وتی «ئێمە ئەمساڵ خولی پلە نایابی تۆپی دەستی كوردستانمان ئەنجامدا بۆ هەشت تیپی شارەكانی كوردستان، یارییەكانیشی بە دوو قۆناغ بەڕێوە دەچێت، وتیشی ئاستی یاری تۆپی دەستی كوردستان ئەمساڵ لە گشت ساڵاكانی تر تیپەكان ئاستیان لێكتر نزیك و بەهێزترن تیپەكانیش خۆیان باش ئامادەكردبوو بۆ پاڵەوانێتیەكە، لە قۆناغی یەكەمیش پێنج یانە ئاستیان زۆر لێك نزیكە، سەبارەت بە كێشەكانیشیان وتی: تاكوئێستا لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بودجەیەكی تایبەتی بۆ دانەنراوە بۆئەوەی پشتگیری هەموو یەكێتیە وەرزشیەكان بكات، گلەییش لەپەرلەمانی كوردستان دەكرێـت تاكو ئێستا یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان پەسند نەكراوە، بۆیە بودجە نییە، ئەو یارمەتیەی دەدرێت بەشی پارەكەش بەشی یەكێتیە وەرزشیەكان ناكرێت، لە بارەی كردنەوەی هۆڵێش وتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەوەتەی دەست بەكاربوونیان تاكو ئێستا نەیانتوانیوە هۆڵێك دروست بكەن، دەبوایە تا ئێستا چەند هۆڵێكیان دروست بكرادابوایە، هەژدە ساڵ حكومەتین چەند هۆڵێكمان پێ دروست نەكراوە، تاكوئێستا نەیانتوانیوە هۆڵی زەرد چاك بكەنەوە.