بۆ جاری حەوتەم نادال پاڵەوانی مۆنتی كارلۆیە

بۆ جاری حەوتەم نادال پاڵەوانی مۆنتی كارلۆیە
یاریزانی ئیسپانی رافایل نادال پۆلینكاری یەكەمی جیهان نازناوی پاڵەوانیەتی مۆنتی كارلۆ ماستەرز لە یاری تێنسی سەر زەوی بۆساڵی حەوتەم لەسەر یەك بەدەستهێنا كە كۆی خەڵاتەكانی دەگاتە دوو ملیۆن و 750 هەزار یۆرۆ، نادال لە یاری كۆتایی رووبەڕووی هاووڵاتیەكەی خۆی دێڤید فێرێر بۆوە و توانی سەركەوتن تۆمار بكات بە ئەنجامی دوو كۆمەڵەی بێ بەرامبەر، ئەنجامی كۆمەڵەكان (6-4، 7-5)بوو، ئەوە یەكەم نازناوە بۆ نادال لە ساڵی 2011 لەو كاتەی نازناوی ژمارە 45 لە ژیانی وەرزشیدا، لە پاڵەوانیەتی مۆنتی كارلۆ كە لە یاریگا لمییەكان ئەنجام دەدرێت نادال 39 سەركەوتنی بەدەست هێناوە بەرامبەر یەك دۆڕاندن لە ساڵی 2003 كە تەمەنی نادال 16 ساڵ بوو.
نادال بووە یەكەم یاریزان لە مێژوودا كە لە پاڵەوانەتییەكی كراوەی تێنسی سەر زەوی بۆ ماستەرز حەوت ساڵ لە سەر یەك نازناوەكە بەدەست دەهێنێت، لە هەمان كاتدا ئەوە نازناوی ژمارە 30 بۆ نادال لە یاریگا لمییەكان و نازناوی ژمارە 19 لە پاڵەوانەتیەكانی ماسستەرزە.
Top