یاریزانی یانەی تۆتنهام گاریس بال بەباشترین یاریزانی خولی ئینگلتەرا بۆ وەرزی 2010-2011 دەستنیشان كرا بەپێی راپرسییەك كە یاریزانە پیشەگەرەكان بەشدارییان تیایدا كردبوو، گاریس بال بەپێش یاریزانی یانەی ئەرسناڵ سەمیر نەسری كەوت كە لەپلەی دووەم هات و یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی كارلۆس تیڤێز بەپلەی سێیەم هات، لە لیستەكەش ناوی هەریەك لە یاریزانان نیمانیا ڤیدیچ لە یانەی مانچستەر یونایتد و رافایل ڤاندەرڤارت لە یانەی تۆتنهام و سكۆت پاركەر لە یانەی وێستهام یونایتد و چارلی ئادەم لە یانەی پلاكبۆل هاتووە. گاریس بال ئاستێكی بەرزی لەم وەرزە پێشكەش كردووە و چەندین یانەی ئەوروپا هەوڵی كڕینی دەدەن، بال دەربارەی ئەم خەڵاتە وتی: من شانازی بەم خەڵاتە دەكەم بەتایبەتی كە خەڵاتەكە لەلایەن یاریزانە پیشەگەرەكانەوە پێمدراوە، پێشتر هیچ یاریزانێكی وێڵزی ئەم خەڵاتەی وەرنەگرتووە هەربۆیە بۆمن شانازییەكی گەورەیە، خەڵاتەكەش دەكەمە دیاری بۆ هاوڕێكانم. لەلایەكی دیكەوە یاریزانی یانەی ئەرسناڵ جاك ویلشێر خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی وەرگرت و خۆشحاڵی خۆی دەڕبڕی بەم خەڵاتە و دووپاتی كردەوە كە دڵنیا بوو لە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە، بەڵام نەك بەم خێراییە.