ڕاهێنەری یانەی هەندرێن:
هەفتەی رابردوو ڕاهێنەری یانەی هەندرێنی یەكەمی ریزبەندی یانەكانی كوردستان ئاماژەی بەوە دا كە ئەمە هەلێكی باشە بۆئەوان كە بۆ ئەم وەرزە نازناوەكە بەدەست بهێنن.
سەمەد جەوهەر ڕاهێنەری ناسراوی شاری هەولێر و یانەی هەندرێنی خاوەن پلەی یەكەمی ریزبەندی یانەكانی كوردستان بە كۆكردنەوەی 44خاڵ، سەرەڕای ئەوەی كە ئێستا دوو هەفتە ماوە لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان، بەڵام دڵنیایی خۆی دەربڕی بەوەی كە دەتوانن نازناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان بۆخۆیان بەدەست بهێنن، لەم بارەشەوە ناوبراو بۆفایلی وەرزشی گوڵان وتی «ئێمە لە یاریمان بەرامبەر یانەی هەولێر یارییەكی باشمان كرد و توانیمان هەر لە پلەی یەكەم بمێنینەوە، بۆیە هیوامان بۆئەوە ماوە بتوانین ئەو سێ یارییەی ماومانە بتوانین ئەنجامێكی بەرچاو بەدەست بهێنین و بۆیەكەمجار بەم نازناوە شاد ببین. ئێمە بۆ پارێزگاری كردن لەو ئەنجامەی ئێستا كە پلەی یەكەممان گرتووە، لە یارییەكانی ماومانە هەوڵدەدەین هیچ یارییەك تووشی دۆڕان نەبین و سەركەوتن لەم یارییانە تۆماربكەین، ببینە پاڵەوانی خولی ئەم وەرزە، وتیشی هەریەك لە یانەكانی هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر بە ڕكابەری خۆمان دەزانین بۆ لە باوەش گرتنی ئەم نازناوەی ئەمساڵ، وتیشی هیچ كێشەیەكمان نییە لە یانەی هەندرێن، بۆیە تەنیا بیر لە بردنەوەی نازناوكە دەكەینەوە.