یاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی كچان لە كوردستان روو لە گەشەكردن دەكات

یاری بەرزكردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی    كچان لە كوردستان روو لە گەشەكردن دەكات
هەفتەی رابردوو لە شاری هەولێر پاڵەوانێتی بەرزكردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی كچان ئەنجامدرا، لەم پاڵەوانێتیە پێنج یانە لەسەر ئاستی عێراق بەشداری كرد، دوای ركابەرییەكی زۆر یانەی هەولێر كۆنترۆڵی ئەم پاڵەوانیتیەی كرد، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە راپۆرتێك دەربارەی دەرخستنی ئەم یارییە و چۆنیەتی پێشكەوتنی لە كوردستان ئامادە بكەین.
سەرەتای ئەم یارییە لە هەولێر دەستی پێكرد
دوای ئەوەی یانەی ئافرەتانی هەولێر یەكەم تیپی بەرزكردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی شاری هەولێر دامەزراند، رۆژانە ئەم تیپە مەشقی خۆیان ئەنجام دەدەن بەبێ كردنەوەی پاڵەوانێتی تا ساڵی رابردوو كاتێك یەكێتی بەرزكردنەوەی قورسایی عێراق بڕیاری دا میوانداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لەم یارییە بكات لەسەر ئاستی كوڕان و كچان، گشت ئەندامانی ئەم تیپە بە یاریزانان و راهێنەران بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق كران و لەم پاڵەوانێتیە لەسەر ئاستی پێشكەوتووان و لاوان و تازەپێگەیشتووان ئەنجامی یەكجار باشیان بە دەستهێنا، دوای تەواوبوونی ئەم پاڵەوانێتیە گشت یاریزانان و راهێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق پێوەندییان بە یانەی هەولێر كرد و بەشدارییان لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەب كرد، كە لە وڵاتی سوریا ئەنجامدرا. لەم پاڵەوانێتیە توانیان چەندین ملوانكەی جۆراوجۆر بە دەستبهێنن و پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی تیپەكان بە دەستهێنا، ئاستی یاریزانەكان رۆژ بە رۆژ پێشدەكەوێت و لە پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو چاوەڕوانی ئەنجامی باشیان لێدەكرێت.
زیادبوونی ژمارەی یانەكان لەسەر ئاستی عێراق
دوای ئەوەی تەنیا یانەی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق تیپی بەرزكردنەوەی قورسایی كچان-ی هەبوو، بەڵام هەفتەی رابردوو شاری هەولێر میوانداری پاڵەوانێتی یانەكانی عێراقی لەم یارییە كرد و لەم پاڵەوانێتیە ژمارەیەكی بەرچاوی یانەكان بەشدارییان تێیدا كرد و ژمارەی تیپەكان خۆی لە پێنج تیپ دەگرت، كە چواریان تیپەكانی كوردستان بوون ئەویش دوو تیپ لە هەولێر و رانیە و كەركوك ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە یانەكان رۆژ بە رۆژ بایەخ بەم یارییە دەدەن و هەوڵ دەدەن تیپێكی بەهێز دروست بكەن بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتیەكان لەسەر ئاستی عێراق و عەرەب بەشداری بكەن و ئەنجامی باش بە دەستبهێنن.
راوبۆچوونی یاریزانەكان دەربارەی ئەم یارییە چییە؟
دوای بەڕێوەچوونی چالاكییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە راوبۆچوونی چەند یاریزانێكمان وەرگرت، سەرەتا یاریزانی بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە گوڵستان ئەحمەد وتی: ئێمە وەكو بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە ماوەی یەك مانگ-ە مەشق ئەنجام دەدین و ژمارەیەكی زۆری یاریزانان پێوەندییان پێوە كردین و رۆژانە مەشقی خۆمان ئەنجام دەدا و توانیمان لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بە دەستبهێنین و دڵنیام لەوەی ئەگەر مەشقی رۆژانەمان زیاتربایە، ئەنجاممان باشتر دەبوو و خۆم حەزم لە یاری بەرزكردنەوەی قورسایی بوو، بۆیە ئەم یارییەم هەڵبژارد و هیوادارام یانەكانی كوردستان زیاتر بایەخ بەم یارییە بدەن بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر لە كوردستان پێش بكەوێت.
دواتر یاریزانی بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر زەرێفە سەفین وتی: وەكو یاریزانێكی یانەی هەولێر رۆژ بە رۆژ ئاستمان بەرزتر دەبێتەوە و لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوەی عێراق توانیمان ئەنجامی باش بە دەستبهێنین لە هەمان كاتدا لە پاڵەوانێتی عێراق پلەكانی یەكەممان بە دەستهێنا، ئەمەش دەستكەوتێكی مەزنە بۆ ئێمە بۆیە هەوڵ دەدین لە پاڵەوانێتیەكانی تر بەتایبەتی لە دەرەوەی عێراق ئەنجامی باشتر بە دەستبهێنین و هەوڵ دەدەم لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامی باش بە دەستبهێنم.
دواتر زۆربەی یاریزانەكانی یانە بەشداربووەكان تەئكیدیان لە پێشخستنی ئەم یارییە دەكردووە لە كوردستان و داوایان كرد یانەكان و لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەن بۆ ئەوەی ژمارەی یانەكان بەرزتر بێتەوە.
لە پاڵەوانێتی یانەكانی عێراق هەریەكە لە یانەكانی هەولێر و تیپی بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر و بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە و تیپی بابەگوڕگوڕ و یانەی فەتات دیالی بەشداریان تیادا كرد و ئەنجامی ئەم پاڵەوانێتیە بەمشێوەیە بوو.
لەسەر ئاستی پێشكەوتووان
كێشی 48كگم: 1- گوڵستان ئەحمەد محەمەد(بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە).
كێشی 53كگم: 1- نەرمین فائق (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر)، 2- شهد عەلا (فتات دیالی)، 3- دێدەن عەوڵا حەسەن (بنكەی وەرزش لاوانی رانیە).
كێشی 58كگم: 1- زەرێفە سەفین كریت (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر)، 2- شەونم جەمال جەمیل (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر).
كێشی 63كگم: 1- نازدار خەلیل (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر)، 2- ریام منزر (فەتات دیالی)، 3- دەریا عەبدولرەحمان (بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە).
كێشی 69كگم: 1- ئارەزوو سەعید (یانەی هەولێر)، 2- فەیروز موخلص (یانەی هەولێر).
كێشی 75كگم: 1- نەجلا نەجات (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر).
ئەنجامی كۆتایی لەسەر ئاستی پێشكەوتووان
1- بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر 570خاڵ، 2- بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە 354 خاڵ، 3- فەتات دیالی 211خاڵ.
لەسەر ئاستی لاوان
كێشی 44كگم: 1- ئیسرا موحسین عەزیز (هەولێر).
كێشی 48كگم: 1- ئۆشین موحسین عەزیز (هەولێر)، 2- گوڵشەن ئەحمەد (بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە)، 3- هدی جەمال جەمیل (هەولێر).
كێشی 53 كگم: 1- دنیا لوقمان (هەولێر)، 2- دێدەن عەولا (بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە)، 3- شهد عەلا (فەتات دیالی).
كێشی 58كگم: 1- زەرێفە سەفین (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر).
كێشی 63كگم: 1- فاتیمە جەمال جەمیل (هەولێر)، 2- ئیپك هانی (هەولێر)، 3- دفرین صابر (بابەگورگور).
كێشی 69كگم: 1- فەیروز موخلص (هەولێر).
ئەنجامی كۆتایی بەمشێوەیە
1- یانەی هەولێر 564خاڵ، 2- بنكەی وەرزش و لاوانی رانیە 282خاڵ، 3- فەتات دیالی 69خاڵ.
لەسەر ئاستی تازەپێگەیشتووان
كێشی 44كگم: 1- ئیسرا موحسین عەزیز (هەولێر)، 2- ئیناس موحسین عەزیز (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر).
كێشی 48كگم: 1- ئۆشین موحسین عەزیز (هەولێر)، 2- هدی جەمال جەمیل (هەولێر).
كێشی 53 كگم: 1- سۆلین ئەنوەر ئیبراهیم (بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر).
ئەنجامی كۆتایی بەمشێوەیە بوو.
1- یانەی هەولێر 243 خاڵ، 2- بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر 159خاڵ.
Top