تۆپی دەستی یانەی سلێمانی لوتكەی تۆپی دەستی كوردستان كۆنترۆڵ دەكات
ئەمین عەلی محەمەد سەرپەرشتیاری تۆپی دەستی یانەی سلێمانی وتی «یانەی سلێمانی لە ئاستێكی بەرزدایە لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستانیش ئاستێكی بەرزمان پێشكەش كردووە، من وا پێشبینی دەكەم كەوا ئاستی تۆپی دەست لە شاری سلێمانی لە پێشەنگی شارەكانی كوردستان دێت، چونكە تیپەكانی شاری سلێمانی ڕكابەری یانەكانی تری كوردستان دەكەن، لە ئێستاشدا ئێمە كار بۆئەوە دەكەین ببینە پاڵەوانی یانەكانی كوردستان، دواتریش لە خولی عێراق بتوانین ئاستێكی شایستەتر لە خولی كوردستان پێشكەش بكەین و لەوێش نازناوەكە بۆ كوردستان بهێنینەوە. وتیشی كێشەو گرفتێكی وامان نییە، لە بارەی پرۆگڕامەكانی تیپەكەش ناوبراو وتی «ژمارەیەك یاریزانی لاومان هەیە لە تیپی لاوانی یانەكەمانن بەسەرخستنیان بۆتیپی یەكەم سوودی زۆریان لێ ببینین هەموو پێداویستیەكانمان بۆیان دابین كردوون، وتیشی یانەكانی سیروانی نوێ و هەولێر ڕكابەری ئێمە دەكەن لەبەدەستهێنانی ناوناوەكان و لە ئێستاشدا بەرنامەمان ئەوەیە بتوانین لە خولی نایابی عێراق ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەین و ئامادەكاری باشمان كردووە.
بڕوا عوسمان گۆڵچی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی وتی «ئاستی تۆپی دەستی لە شارەكانی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدایە، بەتایبەتی لە شاری سلێمانی كە یانەكانی ئەو شارە گرنگی تایبەت بە یاری تۆپی دەست دەدەن، لە یانەی سلێمانیش گرنگی زۆر دەدرێت بە یاری تۆپی دەست، ئێمەش هەموو هەوڵێكمان بۆئەوەیە ناوی شارەكەمان بەرز بكەینەوە، لە ئێستاشدا ئێمە بە كۆمەڵێك یاریزانی خوێن گەرمەوە رۆژانە خەریكی مەشق و ڕاهێنانین بۆئەوەی بگەینە ئەو هیوایەی كە هەمانە ئەویش بەدەست هێنانی نازناوی زۆرە بۆشاری سلێمانی، چونكە مێژوویەكی زۆرمان هەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بەهیوای ئەوەشم بتوانین هەردوو نازناوی خولی نایابی كوردستان وعێراق بۆخۆمان مسۆگەربكەین، لە بارەی كێشەكانیشیان وتی ئێمە كێشەی نەبوونی یاریگە و خزمەتگوزاریمان هەیە لە یانەكە هەر چەندە دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانیش كەمتەرخەمیان نەكردووە، وتیشی لە كوردستان هەریەك لە یانەكانی هەولێر و سیروانی نوێ بە ڕكابەری خۆمان دەزانین .
مەحەمەد هەڵۆ یاریزانی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی وتی «ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا ئێستا رۆژ بەرۆژ بەرەو پێشچوونی باش بەخۆیەوە دەبینێ، ئێمەش لە شاری سلێمانی گرنگی زۆر بە یاری تۆپی دەست دەدەین، هەر بۆیە رۆژ بە رۆژ ئاستی یانەی سلێمانی لەبەرز بوونەوەدایە، وتیشی پێم باشە بۆبەرەو پێشچوونی یاری تۆپی دەستی لە كوردستان گرنگی بە تیپەكانی لاوان بدرێت و خولی زیاتریان بۆبكرێتەوە و پشتگیری بكرێن، بەڵام لە كوردستان تەنیا گرنگی بە یاری تۆپی پێ دەدرێت، وتیشی ئێستا لە یانەی سلێمانی ئێمە هەوڵ دەدەین نازناوی هەردوو خولی نایابی یانەكانی كوردستان و عێراق بۆخۆمان مسۆگەر بكەین، كێشەیەكی وامان نییە شایەنی باس كردن بێت. ڕكابەری لە نێوان یانەكانی كوردستان باشە بە تایبەتی لە نێوان یانەكانی هەولێر و سلێمانی و سیروانی نوێ، بەڵام بە پاڵپشتی دەستەی كارگێڕی و یاریزانان هەوڵدەدەین بگەینە لوتكەی یانەكانی كوردستان.