نوێنەرانی كوردستان لەجامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ لەبەردەم ئەركێكی زەحمەتدان

نوێنەرانی كوردستان لەجامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ لەبەردەم ئەركێكی زەحمەتدان
وابڕیارە 12ی ئەم مانگە لەچوارچێوەی یارییەكانی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ هەردوو نوێنەری كوردستان بكەونە بەردەم ئەركێكی زەحمەتەوە، كاتێك لە كۆمەڵەكانی خۆیان ڕووبەڕووی دوو یانەی ركابەر دەبنەوە.دهۆك هەوڵ دەدات پارێزگاری لە پێشەنگی كۆمەڵەكەی بكات
لە چوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی سێیەمی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ یانەی دهۆك هەوڵ دەدات پارێزگاری لەپێشەنگی كۆمەڵەی سێیەم بكات دوای ئەوەی لە یاریگەی عەباسین لە دیمەشق- ی پایتەختی سوریا دەبێتە میوانی یانەی جەیشی سووری، هەرچەندە یانەی دهۆك لەخولی بژاردەی عێراق ئاست و ئەنجامی وەكو پێویست نییە و لەپلەی حەفتەمی خولەكە دێت بەكۆكردنەوەی 22 خاڵ ئەمەش بووە جێگەی نیگەرانی هاندەرانی یانەكە، چونكە 4 خاڵی جیاوازە لەگەڵ پلەكانی دابەزین بۆ خولی پلە نایابی عێراق، لەبەرانبەردا بارودۆخی سوریا باش نییە بەهۆی ئەو تەنگژەییە سیاسییەی ئێستای ئەو وڵاتەوە، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی یەكێتی تۆپی پێ سوریا یارییەكانی خولی سوریا بۆ كاتێكی نادیار رابگرێ، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك خراپ بۆ یانەی جەیش بە تایبەتی و یانەكانی سوریا بەگشتی هەر بەهۆی ئەم ڕووداوانە دەستەی كارگێری یانەی دهۆك داوای لەیەكێتی تۆپی پێ ئاسیا كرد لەرێگەی یەكێتی تۆپی پێ عێراقەوە، كەیارییەكە لە یاریگەی عەباسین لە سوریا بۆ وڵاتێكی تر بگوازێتەوە بەهۆی ئەم بارودۆخە خراپەی ئەو وڵاتە و بۆ پاراستنی ژیانی یاریزانانی یانەكە، بەڵام داوایەكەی ڕەتكرایەوە هەر لەچوارچێوەی یارییەكانی هەمان كۆمەڵە یانەی فەیسەڵی ئوردنی میوانداری یانەی نەسری كوێتی دەكات، یانەی فەیسەڵی نازناوی خولی ئوردنی لەوڵاتەكەی لەدەستدایە بۆیە هەوڵ دەدات لەم پاڵەوانێتیە ئەنجامێكی باش بەدەستبهێنێت لەبەرانبەردا یانەی نەسری كوێتی لە دوو یاری لەسەر یەكدی تووشی دۆڕان هاتن و تا ڕادەیەك ڕكابەری لەسەر یەكێك لە بلیتەكانی ئەم كۆمەڵەیە لەدەستداوە.
خشتەی یارییەكان بەم شێوەیەیە
جەیش سوریا – دهۆك (كاتژمێر 6ی ئێوارە)، فەیسەڵی ئوردنی – نەسڕی كوێتی (5ی ئێوارە).
ریزبەندی یانەكان بەمشێوەیەیە
1- دهۆك 6 خاڵ
2- فەیسەڵی 3 خاڵ
3- جەیش 3 خاڵ
4- نەسڕ سفر خاڵ.
هەولێر چاوی بڕیوەتە پێشەنگی كۆمەڵەی پێنجەم
رۆژی سێشەممە 12ی ئەم مانگە لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری لەشاری هەولێر یانەی هەولێر میوانداری یانەی عەروبەی عومانی دەكات لەچوارچێوەی یارییەكانی كۆمەڵەی پێنجەمی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگە بەتایبەتی یانەی هەولێر كە هەوڵ دەدات لەبەرانبەر هاندەرانی خۆیدا سەركەوتن تۆمار بكات بۆ ئەوەی لەپێشەنگی كۆمەڵەكەی بمێنێتەوە و تا ڕادەیەك لەسەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو نزیك بێتەوە ئەمەش تەنیا بەسەركەوتن ڕوودەدات بۆیە لەم یارییەدا یانەی هەولێر پێویستی بەئامادەبوونی جەماوەر هەیە بۆئەوەی پشتگیرییان لێبكات و هەمان سیناریۆی یارییەكەی هەولێر و كەرامەی سووری دووبارە ببێتەوە، كاتێك لەم یارییە زیاتر لە 21 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەكە بوون بۆیە چاوەڕوان دەكرێت هەمان ژمارە لەم یارییە ئامادە بێت، لە بەرانبەردا یانەی عەرووبە لەم یارییە هەوڵ دەدات سەركەوتن یان خاڵێك بەدەست بهێنێت، ئەم یانەیە خاوەن چەندین یاریزانی بەتوانایە لە هێڵی ناوەڕاست و هێڕشبەر و تا ئێستا لەهیچ یارییەك تووشی شكست نەهاتووە، لەیارییەكی تردا هەردوو یانەی كەرامەی سووری و عەهدی لوبنانی ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە هەردوو یانە بۆ بردنەوە یاری دەكەن، چونكە تەنیا بە بردنەوە سودمەند دەبن تاكو بتوانن لە ڕكابەری سەركەوتن بۆ قۆناغی دووەم بەردەوام بن یانەی عەهد لە دوو یاری تووشی دۆڕان هاتووە لەبەرانبەردا یانەی كەرامەی سووری لەدوو یاری یەكسان بووە.
خشتەی یارییەكان
هەولێر – عەرووبە عومانی (كاتژمێر 6ی ئێوارە)، عەهدی لوبنانی – كەرامە- ی سووری (كاتژمێر 6ی ئێوارە)
ریزبەندی یانەكان
1- عەرووبە 4 خاڵ
2- هەولێر 4 خاڵ
3- كەرامە 2 خاڵ
4- عەهد سفر خاڵ.
خشتەی یارییەكانی كۆمەڵەكانی تر بەمشێوەیەیە
كۆمەڵەی یەكەم
تەڵال یەمەنی – ئەنسار لوبنانی، دیمبۆ هیند – ناساف ئۆزباكستان.
ریزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی یەكەم بەمشێوەیەیە
1- ناساف ئۆزباكستان 6 خاڵ
2- ئەنسار لوبنان 3 خاڵ
3- دیمبۆ هیند 3 خاڵ
4- تەڵال یەمەن سفر خاڵ.
كۆمەڵەی دووەم
قادسیە (كوێت) – سەقەر(یەمەن)، شۆرتان (ئۆزباكستان) – ئیتیحاد (سوریا)
ریزبەندی یانەكان بەمشێوەیەیە
1- قادسیە 6 خاڵ
2- شۆرتان 3 خاڵ
3- ئیتیحاد 3 خاڵ
4- سەقەر یەمەن سفر خاڵ
كۆمەڵەی چوارەم
سویق (عومانی) – تەڵەبە (عێراقی)، كوێت(كوێتی) – وەحداتی (ئوردنی)
ریزبەندی یانەكان بەمشێوەیە
1- وەحدات 6 خاڵ
2- كوێت 6 خاڵ
3- تەڵەبە سفر خاڵ
4- سویق سفر خاڵ
كۆمەڵەی شەشەم
سیرویجایا (ئەندنوسیا) – سۆنگ لام (ڤێتنام)، ڤی بی (دوورگەكانی ماڵدیڤ)، حەمرا (هۆنگ كۆنگ).
ریزبەندی یانەكان
1- سیروجایا 4 خاڵ
2- سۆنگ لام 3 خاڵ
3- حەمرا 3 خاڵ
4- ڤی بی 1 خاڵ
كۆمەڵەی حەفتەم
تی تی هانوی (ڤێتنام) – تامبنیس رۆڤرز (سەنگافورە)، موانگ سوانگ یۆنایتد (سەنگافورە) – فیكتۆری (دوورگەكانی ماڵدیڤ).
ریزبەندی یانەكان
1- موانگ سوانگ یۆنایتد 4 خاڵ
2- تامبنیس رۆڤرز 4 خاڵ
3- هانۆی 3 خاڵ
4- ڤیكتۆری سفر خاڵ.
كۆمەڵەی هەشتەم
جنوب چین (هۆنگ كۆنگ) – ئیست بنگال (هیند)، بیرسیبۆرا جیابۆرا (ئەندنوسیا) – تشۆنبۆری (تایلاند)
ریزبەندی یانەكان
1- تشنبۆری 4 خاڵ
2- بیرسیبۆرا جیابۆرا 4 خاڵ
3- ئیست بنگال 1 خاڵ
4- جنوب چین 1 خاڵ.
یارییەكانی هەولێر و دهۆك پلەكانی دووەم و سێیەم بەدەست دەهێنێت
دوای تەواوبوونی یارییەكانی جەولەی دووەمی جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ بە پێی سەرژمێریەكی فەرمی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و كەرامەی سووری، كە لە یاریگەی شەهید فرانسۆ هەریری ئەنجامدرا بەدووەم زۆرترین یاری دەستنیشان كرا لەرووی ئامادەبوونی جەماوەر دوای ئەوەی لەم یارییە زیاتر لە 21 هەزار هاندەر ئامادەی بوون و لەپلەی یەكەم یارییەكی هەردوو یانەی ئیتحادی سووری و قادسیەی كوێتی بوو، كە لە سووریا ئەنجامدرا و 30 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەكە بوون لەبەرانبەردا یارییەكەی نێوان هەردوو یانەی دهۆك و فەیسەڵی بەسێیەم یاری پر جەماوەری هات، دوای ئەوەی لەم یارییەدا زیاتر لە 17 هەزار هاندەر ئامادەی بوون.
ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەردوو یانە و چاوەڕوان دەكرێت لەیارییەكی هەولێر و عەرووبەی عومانی زیاتر لە 21 هەزار هاندەر ئامادەی یارییەكە بن بۆ ئەوەی پشتگیری لەیانەی هەولێر بكەن لەم یارییە چارەنووسسازەدا.
Top