گروپی میدیاكارانی وه‌رزشی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی خۆی به‌ست

گروپی میدیاكارانی وه‌رزشی یه‌كه‌م كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی خۆی به‌ست
گولاَن:كارزان كانه‌بى-سلێمانى


رۆژی سێشه‌ممه‌ 26ی نیسانی 2011، له‌شاری سلێمانی و له‌هۆڵی نوێنه‌رایه‌تی لیژنه‌ى ئۆڵۆمپی، گروپی میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان یه‌كه‌م كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی خۆی به‌ست، له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه‌ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی ء كه‌ناڵی راگه‌یاندنی شاره‌كه‌ ئاماده‌ی بوون، لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری گروپه‌كه‌ بنه‌ما ء ئامانجی گروپه‌كه‌یان بۆ ئاماده‌بووان خسته‌رِوو، دواتر ئه‌ندامێكی تری گروپه‌كه‌ به‌یاننامه‌ی ژماره‌ سفری (گروپی میدیاكارانی وه‌رزشی) بۆ ئاماده‌بووان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن خوێنده‌وه‌، كه‌له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتبوو ((گروپه‌كه‌مان به‌دیلى كه‌س نیه‌ء له‌دژى هیچ گروپء ده‌سته‌و لایه‌نه‌یه‌كى تر دروست نه‌بوو، رێزء سوپاسمان بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێش دامه‌زراندنى ئه‌م گروپه‌ بیرۆكه‌ى یه‌كخستنى رۆژنامه‌نوسان له‌ چوارچێوه‌ى رێكخراوێكدا خه‌ونیان بوه‌ء هه‌وڵیانداوه‌ بۆ یه‌كخستنى، هه‌وڵه‌كانیان به‌رز ده‌نرخێنینء رێگه‌ باشه‌كانیان ده‌گرینء خۆشمان به‌دوور ده‌گرین له‌هه‌ڵه‌كانیان ئه‌گه‌ر هه‌یانبووبێت)).
دواى خۆیندنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ ده‌رگای پرسیاركردن به‌رِووی رۆژنامه‌نووس ء كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن واڵاكرا.
گروپی میدیاكارانی وه‌رزشی له‌شاری سلێمانی له‌لایه‌ن چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی وه‌رزشی شاره‌كه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ء ئامانجی سه‌ره‌كی گروپه‌كه‌ یه‌كرِیزی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی و رِێزگرتنی یه‌كتری و وه‌لانانی ئینتیمای حیزبیه‌ له‌پیشه‌كه‌یاندا، هه‌روه‌ها گروپه‌كه‌ به‌رِاوێژی ئه‌ندامه‌كانی سه‌رجه‌م كاره‌كانی به‌رِێوه‌ده‌بات و دواى چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ رۆژی 22ی نیسان به‌رِه‌سمی دروستبوونی گروپه‌كه‌یان راگه‌یاند، كه‌ئه‌و رۆژه‌ش هاوكاتبوو له‌گه‌ڵ رۆژی رۆژنامه‌نووسی كوردیدا، هه‌روه‌ها گروپه‌كه‌ برِیاریانداوه‌ ئه‌ندامێتی خۆیان له‌ (سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان) هه‌ڵنه‌په‌سێرن، چونكه‌ ئه‌و گروپه‌ سه‌ندیكا به‌لایه‌نێكی رِه‌سمی داده‌نێتء ئاماژه‌یان به‌بوونی هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌كرد له‌گه‌لڕ ئه‌و سه‌ندیكایه‌دا.
جێگه‌ی باسه‌ گروپى میدیاكارانى وه‌رزشى له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى كاتیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت، هیچ كه‌سێك به‌رپرسى یه‌كه‌م نیه‌ء هیچ رۆژنامه‌نوسێك ناتوانێت سه‌ربه‌خۆ به‌ناوى ئه‌م گروپه‌وه‌ لێدوان بدات، به‌ڵكو لیژنه‌كه‌ وته‌بێژى تایبه‌تى خۆى دیاریی كردووه‌ء ته‌نها له‌رێگه‌ى وته‌بێژه‌وه‌ برِیاره‌ فه‌رمیه‌كانى گروپه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.
Top