لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان ڤیستڤالیَك بۆ یادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ساز ده‌كات

لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان ڤیستڤالیَك بۆ یادى كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ ساز ده‌كات
كارزان كانه‌بى-گولان
له‌ باره‌گاى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی،به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌ریَز مه‌لا به‌ختیار سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌ندامانى كۆمیته‌ى ته‌نفیزى،یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ساڵى 2011ى ئه‌نجامدا،سه‌باره‌ت به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ریَز (حه‌ربی خالید) به‌رپرسى نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان له‌ لیَدوانیَكى رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند:له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى كۆمیته‌ى ته‌نفیزیدا به‌ خاڵه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى پیَشوودا چووینه‌وه‌ و چه‌ندین خاڵى تر خرانه‌ به‌ر باس و لیَكۆلینه‌وه‌ و چه‌ند بریاریَك دران،له‌وانه‌:
1-په‌سه‌ندكردنى پرۆژه‌ یاساى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان و ئاراسته‌ كردنى بۆ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى هه‌ریَمى كوردستان
2-خویَندنه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنى راپۆرتى چالاكیه‌كانى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان بۆ ساڵى 2010 و پرۆژه‌ و بودجه‌ى تایبه‌ت به‌ ساڵى 2011 كه‌ به‌ریَز د.ئالان قادر ئه‌میندارى گشتى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان ئاماده‌ى كردبوو.
3-بریاردرا رۆژى هه‌ینى 7-1- 2011 له‌ شارى هه‌ولیَر،كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م سه‌رۆكى یه‌كیَتیه‌ وه‌رزشیه‌كانى كوردستان و ئه‌ندامانمان له‌ ناو یه‌كیَتیه‌ وه‌رزشیه‌كانى عیَراق و ئه‌ندامانمان له‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپی عیَراق سه‌باره‌ت به‌ كیَشه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كیَتیه‌ وه‌رزشیه‌كانى عیَراق و هه‌ر كیَشه‌ و گیروگرفتیَكى تر ئه‌گه‌ر هه‌بیَت.
4-بۆ یادى 23 ساڵه‌ى كیمیابارانكردنى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ،ڤیستیڤالیَكى وه‌رزشى نیَوده‌وڵه‌تى ئه‌نجامده‌دریَت كه‌ یاریه‌كانى (تۆپی پیَ،تۆپی باسكه‌ى كچان،تۆپی باله‌ى كورِان،تۆپی سه‌رمیَزى كوران،شه‌تره‌نجى كچان) بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌یه‌ك پیَكهیَنران له‌ به‌ریَزان (د.ئالان قادر،سه‌فین كانه‌بی،سه‌لاح محمد كه‌ریم،دكتۆره‌ كه‌ژاڵ كاكه‌ حه‌مه‌ ،هه‌رده‌ ره‌ئوف،نویَنه‌رى هه‌ڵه‌بجه‌،نویَنه‌رى یه‌كیَتى باسكه‌ ،نویَنه‌رى یه‌كیَتى باله‌)
5-سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی كوردستان بریارى یدا له‌ ده‌رماڵه‌ى تایبه‌تى خۆى مانگانه‌ برى 1000000 یه‌ك ملیۆن دینار،بداته‌ چوار وه‌رزشكارى دیَرینى هه‌ر چوار پاریَزگاكه‌ى كوردستان هه‌ر مانگه‌ و بۆ پاریَزگایه‌ك.
6-سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندى كردنى یه‌كیَتیه‌ وه‌رزشیه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكاندا كۆمیته‌ى ته‌نفیزى بریارى دا ،كه‌ یه‌كیَتیه‌ وه‌رزشیه‌كان بۆیان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ببه‌ستن به‌ مه‌رجیَك به‌ نوسراویَكى و به‌ واژوى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى یه‌كیَتیه‌كه‌ پیَش وه‌خته‌ ئاگادارى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان بكاته‌وه‌ له‌ سه‌ر وورده‌كارى پرۆژه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی.
7-بریاردرا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ نویَنه‌رایه‌ته‌كانى سه‌ر به‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان له‌ شارى كه‌ركه‌ك ئه‌نجام بدریَت
8-بریاردرا به‌ ئه‌نجامدانى (كۆنفراسى هه‌ڵسه‌نگاندنى چالاكیه‌كانى سالاَنه‌ى لیژنه‌ى ئۆلۆمپی هه‌ریَمى كوردستان) له‌ ئایینده‌یه‌كى نزیكدا.
9- به‌مه‌به‌ستى زیاتر په‌یوه‌ندى دروست كردن له‌گه‌ڵ وولاَتانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ریَم،ره‌زامه‌ندى درا له‌ سه‌ر یاداشتى به‌ریَز(د.سه‌رهه‌نگ عبدالخالق) به‌رپرسى نوسینگه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كان ،به‌مه‌به‌ستى ئاراسته‌كردنى داوه‌تنامه‌ى فه‌رمى بۆ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ریَزان(سه‌رۆكى لیَژنه‌ى ئۆلۆمپی ئه‌رده‌ن و تونس) سه‌رۆكى یه‌كیَتى تۆپی پیَى هه‌ریَمى گۆزۆ له‌ ولاَتى ماڵتا
10-بریاردرا به‌ زیاتر پشتیوانى كردن و گرنگدان به‌ چالاكیه‌كانى وه‌رزشى ئافره‌تان له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانى كوردستان،وه‌ به‌دواداچوونى زیاتر بكریَت بۆ ئاسان كردنى كاره‌كانیان
Top