ئوردون: پیَشمه‌رگه‌ى سلیَمانى ژماره‌یه‌ك مه‌دالیاى ئاڵتونى برده‌وه‌

ئوردون: پیَشمه‌رگه‌ى سلیَمانى ژماره‌یه‌ك مه‌دالیاى ئاڵتونى برده‌وه‌
كاروان شیَخ زیره‌ك
له‌یه‌كه‌م رۆژى پاڵه‌وانیَتى یانه‌كانى عه‌ره‌بیدا یانه‌ى پیَشمه‌رگه‌ى سلیَمانى چه‌ندین مه‌دالیاى ئاڵتونى به‌ده‌ست هیَنا.
دواى ئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژیَك له‌مه‌وبه‌ر تیپى گۆرِه‌پانء مه‌یدانى یانه‌ى پیَشمه‌رگه‌ى سلیَمانى به‌مه‌به‌ستى به‌شدارى كردن له‌پاڵه‌وانیَتى یانه‌كانى عه‌ره‌بى گه‌یشتنه‌ ولاَتى ئوردون، كچانء كورِانى ئه‌و یانه‌یه‌ له‌یه‌كه‌م رۆژى پاڵه‌وانیَتییه‌كه‌دا كه‌ رۆژى پیَنج شه‌ممه‌ 23 ى مانگ بوو، توانیان ئه‌نجامى گه‌وره‌و به‌رز تۆماربكه‌نء چه‌ندین مه‌دالیاى ئاڵتون به‌ده‌ست بهیَنن، له‌وباره‌یه‌وه‌ (زه‌رده‌شت ره‌فیق) راهیَنه‌رى كچانى یانه‌ى پیَشمه‌رگه‌ى سلیَمانى له‌ولاَتى ئوردونه‌وه‌ پیَى راگه‌یاندین: پاڵه‌وانیَتییه‌كه‌ یانه‌ى عمان كردویه‌تیه‌وه‌و زیاد له‌ 10 یانه‌ى ولاَته‌كانى (ئوردونء سوریاء فه‌له‌ستینء یه‌مه‌نء لوبنانء عیَراق) تیَیدا به‌شدارن كه‌كیَبرِكیَكانى پاڵه‌وانیَتییه‌كه‌ رۆژانى(23ء 24ء 25)ى ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجام ده‌دریَت.
هاوكات (زه‌رده‌شت ره‌فیق) ئه‌وه‌شى وت كه‌له‌یه‌كه‌م رۆژى پاڵه‌وانیَتییه‌كه‌دا یاریزانه‌كانیان سه‌ركه‌وتنیَكى گه‌وره‌یان تۆماركردوه‌، به‌جۆریَك كه‌كچه‌ یاریزان (گوڵستان مه‌حمود) له‌راكردنى 100 مه‌ترء هه‌ڵدانى رمحدا دوو مه‌دالیاى ئاڵتونى له‌مل كراوه‌و، (زیلان سه‌لاح)یش پله‌ى یه‌كه‌مء مه‌دالیاى ئاڵتونى له‌ 100 مه‌ترى به‌ربه‌ستدا به‌ده‌ست هیَناوه‌، هاوكات كچه‌ یاریزان (ئه‌نغام خزعل) له‌پیَشبرِكیَى 800 مه‌تردا بووه‌ به‌خاوه‌نى مه‌دالیاى ئاڵتونء، له‌راكردنى 4 به‌ 400 مه‌ترى پۆسته‌شدا یانه‌كه‌یان پله‌ى یه‌كه‌مء مه‌دالیاى ئاڵتونى وه‌رگرتوه‌ كه‌ كچه‌ یاریزانان(گوڵستان مه‌حمودء ئه‌نغام خزعلء چاوان به‌هادینء دالیا ئه‌حمه‌د) ماوه‌ى راكردنه‌كه‌یان برِیوه‌.
له‌سه‌ر ئاستى كورِانیش، (نزار ئه‌كره‌م)ى یاریزانى هه‌مان یانه‌، توانیویه‌تى پله‌ى یه‌كه‌مى خۆهه‌ڵدانى یه‌ك باز به‌ده‌ست بهیَنیَتء مه‌دالیاى ئاڵتون وه‌ربگریَت، له‌هه‌مان كاتیشدا یاریزان(كه‌یوان تۆفیق) مه‌دالیاى زیوى له‌یه‌ك بازدا له‌مل كراوه‌.
Top