نــەشــئەت ئەكــرەم یاریزانی هـەڵبژاردەی عێــــــراق لە دیمانەیەكی تایبەتی گۆڤاری گۆڵاندا: دەمەوێ لەگەڵ عێراق بەژداری لە پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوە بكەم
نەشئەت ئەكرەم یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی عێراق لە هێڵی ناوەڕاست و بەمایسترۆی هێڵی ناوەڕاستی تۆپی پێی عێراق ناوزەند كراوە، دوای ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ یانەی تڤێنتێ ئەنشخیدەی هۆڵەندی هەڵوەشاندەوە تا ئێستا گرێبەستی لەگەڵ هیچ یانەیەك مۆرنەكردووە، دوای ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق ئۆردوگایەكی مەشقی لەشاری هەولێر ئەنجام دا بەمەبەستی خۆئامادەكردن بۆ جامی كەنداو 20 لە وڵاتی یەمەن و جامی نەتەوەكانی ئاسیا 2011 لە وڵاتی قەتەر بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە تایبەت بە گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
دیمانە: رێبین رەمزی
* هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەت لەگەڵ یانەی تڤێنتی بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
- دوای ئەوەی گرێبەستێكم لەگەڵ یانەی تڤێنتی ئەنشخیدە بۆ ماوەی سێ وەرز مۆركرد، دوای كۆتاییهاتنی خولی هۆڵەندە دانیشتنێكم لەگەڵ دەستەی كارگێڕی یانەكە كرد و زانیم لە وەرزی نوێی هۆڵەندا هەر وەكو یاریزانی یەدەگ دەبم، بۆیە بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەكەمان هەڵوەشاندەوە، چونكە دەمویست لەلایەنی جەستەییەوە بە باشترین شێوە ئامادەبم تاكو بتوانم لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداری لە پاڵەوانیەتییەكانی دەرەوە بكەم.
* ئایا رۆیشتنی راهێنەر ستیفن ماكلارین لەیانەی تڤێنتی هۆكار نەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەت؟
- بەڵێ، یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست لەگەڵ یانەی تڤێنتی رۆیشتنی راهێنەر ستیفن ماكلارین بوو، چونكە ئەم راهێنەرە چانسی دا بەمن كە لە خولەكانی ئەوروپا یاری بكەم و پشتگریی لێكردم.
* ئایا لە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی تڤێنتێ پەشیمان نیت؟
- نەخێر، پەشیمانم نیمە، بەپێچەوانەوە تاقیكردنەوەیەكی باش بوو بۆ من، لە هەموو روویە كەوە زۆر سوودم لێوەرگرت.
* بۆچی دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەت لەگەڵ یانەی تڤێنتێ، گرێبەستەت لەگەڵ یانەیەكی تر مۆرنەكرد؟
- دوای ئەوەی گرێبەستەم لەگەڵ یانەی تڤێنتی هەڵوەشاندنەووە، چەندین گرێبەستەم لە یانەكانی زەمالك و یانەی قەتەری قەتەری بۆ هات، بەڵام بەهۆی كەمی ماوە فریانەكەوتم لە یەكێك لەم یانانە یاری بكەم.
* ئایا بە نیازی جارێگی تر لە خولەكانی ئەوروپا یاری بكەیت؟
- ئەگەر بارودۆخێكی گونجاو رەخسا، ئەوە دووبارە دەگەڕێمەوە و لە یەكێك لە یانەكانی ئەوروپا یاری دەكەم، گرنگ نییە چ وڵاتێك بێت.
* ئەگەر لە هیچ یانەیەك گرێبەست بۆ نەهات تا چەند راستە بە خۆڕایی لەگەڵ یانەی هەولێر یاری دەكەیت؟
- بەهیچ شێوەیەك بیرم لەوە نەكردۆتەوە لە خولی عێراق یاری بكەم.
* واتە ئامادەی یەك وەرزی تەواو بەبێ یانە بیت؟
- ئەگەر هەر هیچ گرێبەستێكم بۆ نەهات لە ماوەی یەك ساڵدا ئەوە بۆ یانەی شوڕتە یاری دەكەم، چونكە ئەم یانەیە ماڵی یەكەم و دوایین ماڵی منە، لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم بۆ یانەی هەولێر.
* هەندێك لە رۆژنامەكان هێرشیان كردە سەرت بەهۆی دابەزینی ئاستت، چۆن وەڵامیان دەدیتەوە؟
- هەڵبژاردەی عێراق چ یاری ئەنجام داوە تاكو رەخنە لە ئاستی من بگرن.
* هۆكاری چییە هەر وەرزێك لە یانەیەك یاری دەكەیت، واتە لە یانەیەك جێگیر نابیت؟
- یاریزانێكی پیشەگەرم لە هەمان كاتدا لەیانەی شەبابی سعودی بۆ ماوەی سێ وەرز یاریم كرد و لە یانەكانی غەرافە و عەین و تڤینتی یەك وەرز یاریم كرد، لەگەڵ گشت یانەكان كە یاریم كردووە نازناوم بەدەستهێناوە، ئەمەش باكگراوندێكی زۆر باشە بۆ من.
* لە كام یانە سەركەوتوو بویت، وەكو یاریزانێكی پیشەگەر؟
- لە هەموو ئەو یانانەی، سەركەوتوو بوویمە.
* ئایا بەنیازیت دووبارە بگەڕێیتەوە خولەكانی كەنداو؟
- تا ئێستا بڕیارم نەداوە لە كام یانە یاری دەكەم و چاوەڕوانی چەند گرێبەستێكی تر دەكەم بۆ ئەوەی باشترینیان هەڵبژێرم.
* چۆن دەڕوانیتە ئاستی هەڵبژاردەی عێراق؟
- تا راددەیەك ئاستی هەڵبژاردەی عێراق باشە و توانیمان كۆمەڵێك یاریزانی تر بۆ هەڵبژاردەی عێراق دروست بكەین، ئەمەش بە یاریپێكردنی كۆمەڵێك لە یاریزانی لاو، كە توانیان لە خولی عێراق ئاستی بەرز پێشكەش بكەن.
* چۆن دەڕوانییە چانسی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی كەنداو و جامی نەتەوەكانی ئاسیا بۆ تۆپی پێی؟
- هیوادار بووین خۆئامادەكردنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەم دوو پاڵەوانیەتیە لەمە باشتر بێت و هەروەها یاری دۆستانە لەگەڵ چەند هەڵبژاردەیەكی بەهێز ئەنجام بدەین، بەڵام ئەمە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە دابوو، چونكە بارودۆخی یەكێتی تۆپی پێی عێراق تەواو نییە.
* چۆن دەڕوانیە سیدكا راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق بۆ تۆپی پێی؟
- زۆربەی یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراق پیشەگەرن و لەگەڵ راهێنەری پیشەگەر مامەڵمان كردووە، بۆیە پێویستیمان بە كاتێكی كەم دەبێت تاكو لە شێوازی یاریكردنی سیدكا رابێن.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی خولی عێراق؟
- خولێكی لاوازە شایستەی ناوی خولی عێراق نییە، ئەگەر خولێك لە 38 یانە پێكبێت ئەمە چ خولێكە لە هەموو جیهان وڵاتێك نییە تەنیا عێراق نەبێت خولی پلە نایابەكان 38 یانە بێت.
* چۆن دەڕوانیە یاریگاكانی عێراق؟
- یاریگاكانی عێراق جێگەی شەرمەزاری و داخە، لەگەڵ رێزم بۆ یانەكانی تر تەنیا یانەی دهۆك و سلێمانی توانیان یاریگەی گونجام دروست بكەن.
* چۆن دەڕوانیە یانەی هەولێر؟
- ماوەیەك پێش ئێستا لەگەڵ یانەی هەولێر مەشقم ئەنجام دا، ئەم یانەیە بەرەو پیشگەری دەڕوات، ئەم هەنگاوێكی زۆر باشە.
* چۆن دەڕوانیە دواڕۆژی تۆپی پێی عێراق؟
- لە مەترسی دایە بەهۆی نەبوونی یاریگەی گونجاو و بیركردنەوەی گونجاو و بایەخ نەدان بە خولەكانی لاوان و تازەپێگەیشتووان و بەچكە شێران، لە هەمان كاتدا كاتێك هەڵبژاردەكان سەركەوتن بە دەست دەهێنن، ئەوە بایەخ بە یاریزانەكان دەدەن و گرنگیان پێدەدەن و باسیان دەكەن و دەبنە نیشتمان پەروەر، بەڵام لەكاتی دۆڕاندنی هەڵبژاردەی عێراق ئەوە یاریزانەكان بە خۆفرۆش و خائن ناوزەند دەكرێن.
* سەبارەت بە رۆژنامەنووسەكان زۆربەی كات رەخنەتان لێدەگرن، تاچەند كاریگەری لەسەر ئێوە هەیە؟
- زۆربەی یاریزانەكان رێز لە رۆژنامەنووسەكان دەگرن و گوێبیستی رەخنەكانیان دەبن، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رێگە بەهیچ كەسێك نادەم من بە خۆفرۆش و خائن وەسف بكات، چونكە ئەمە مافی ئەو نییە.
* دوا وتەت چییە؟
- رێز و خۆشەویستیم بۆ خەڵكی شاری هەولێر هەیە و سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەی هەولێر و دەستەی راهێنەرانی یانەی هەولێر دەكەم، چونكە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ ئەم یانەیە مەشقم كرد بە مەبەستی پاراستنی باری جەستەییم و زۆر شتیان پێشكەش كردم و خۆم بە قەرزاریان دەزانم.