رێباز كاكل یاریزانی باسكەی خاوەن پێدوایستی تایبەتی هەڵبژاردەی كوردستان: كەمئەندامان ئارەزووەكانیان لە كەسانی لەشساغ زیاترە و یاریگاشیان نییە
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی خولی خاوەن پێداویستییەكان بۆ یاری باسكە چۆن بوو؟
- بەڕاستی خولێكی زۆر باش بوو، شتی تازەی تێدا باسكرا، بەهیواین ئەوە جۆرە خولانە بەردەوام بێت.
* كێشە و گرفتی ئێوە وەكو خاوەن پێدوایستی تایبەت چییە؟
- كۆمەڵێك كێشەمان هەیە، وەكو نەبوونی ئۆتۆمبێلی تایبەت بۆ هاتووچۆكردنمان، هەندێك لە یاریزانان باری داراییان باش نییە. هەرچەندە پارائۆڵۆمپی لە هەندێك بوار كاری باشیان كردووە، بەڵام هێشتا ماوە كاری باشتر بۆ كەمئەندامان بكرێت، چونكە ئارەزووەكانیان لە كەسانی لەشساغ زیاترە و یاریگاشمان نییە.
* راستە زۆرجار كە دەچنە یاریگاكەی بنەسڵاوە كێشەتان بۆ دروست دەبێت؟
- بەڵی، كە دەچینە یاریگاكە كەسانی تر لەو یاریگایەن، ئەوەش كێشەیە. هەرچەندە باشترین راهێنەرمان هەیە كە زۆر هاوكاریمان دەكەن و بە روحیەتێكی گەورە وەرزش دەكەین.
* ماوەی چەند مانگە ئەم تیپە دامەزراوە؟
- ماوەی 2مانگە ئەم تیپە دامەزراوە، ئێمەش مەشق دەكەین و مامۆستا تەحسین زۆر هاوكاریمان دەكات.
* ئەی بۆ راگەیاندنەكان چی دەڵێی؟
- سوپاستان دەكەم ئێوە ئێستا هاتوون منتان بەسەر كردۆتەوە، ئەوە دەبێتە هاندەرێكی باش بۆمن تا زیاتر خۆم ماندوو بكەم. بەهیوام راگەیاندنەكان زیاتر خۆیان بە خاوەن پێدوایستیە تایبەتەكان ماندووبكەن.
* پێت باشە چی بكرێت بۆبەرەو پێشچوونی وەرزشی خاوەن پێدوایستی تایبەت؟
- پێم باشە راگەیاندن گرنگی زۆری پێبدات، چونكە تا ئێستا راگەیاندن ئاشنا نییە لەگەڵ ئەم یارییە، یارییەكەش شتێكی تازەیە.
*ئایا وەرزش كردن هەندێك لە خەمی قاچەكانتی كەم نەكردۆتەوە؟
-بێگومان وەرزش لە خەمی هەموو كەسێك كەم دەكاتەوە، وەرزش خەم رەوێنە، من ئەو بڕوابوونەوەی كە بەخوای گەورەم هەیە، خەمم بۆ قاچەكانم نەخواردووە، چەند ساڵە بۆخۆم مامۆستاو قوتابیم و كەسێكی سوودمەندم لە كۆمەڵگە.
* لایەنی بەرپرس تا ئێستا وەكو پێویست هاوكاری ئێوەی كردووە؟
- تا ئێستا شتێكی وای نەكردووە بڵێین باشە، هەر چەندە كار كراوە، بەڵام كەمئەندام پێویستی بەوەیە لایەنە دەروونیەكەی رابگیرێت، چونكە كەسێكی هەستیارە و لەگەڵ كەسێكی ئاسایی جیاوازی هەیە.