ئایا یاری شەترەنجی كچان وەكو پێویستە لــــــــە كوردستان
(جوان جەمال) كچە یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان وتی «بە داخەوە لە كوردستان ئاستی شەترەنجی كچان وەكو پێویست نییە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەشاری بەغدا قوتابخانەی پێگەیشتن هەیە بۆ ئەم یارییە، پێویستە لەكوردستانی خۆشمان بەرپرسانی وەرزشی پشتگیری لە وەرزشی ئافرەتان بكەن، بەتایبەتی لەیاری شەترەنج كە زۆر یاریزانی بەتوانامان هەیە كە خاوەنی مەدالیای زێڕن، بۆیە پێویستە پشتگیری لەم یاریزانانە بكەین و بشتوانین قوتابخانەیەك بۆ دروستبوونی یاریزانان بكەینەوە»، ئاماژەشی بەوەدا كەوا ئەگەر بتوانرێت ئەم یارییە بكرێتە پرۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەكان و هۆڵ و راهێنەری تایبەت بهێنن بۆئەم یارییە، بەهیواشم یاریزانی زیاتر دروست بێت لەم یارییە، چونكە یارییەكی جیهانییە.
(چنار وریا قانع) یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لەبارەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان وتی «ئێستا ئاستی یاری شەترەنج لە كوردستان لە بەرەوپێشچوونە كۆمەڵێك یاریزانی كچی بەتوانمان هەیە كە ئێستا دروست بوون و خەریكی پێگەیشتنن، وتیشی بەبۆچوونی من ئەگەر بكرێـت راهێنەری بیانی بهێنن بۆیانەكانی كوردستان بۆئەوەی بتوانن یاریزانی باش دروست بكەن لەم یارییە و خولی بەردەوام بكرێتەوە بۆئەوەی یاریزانەكان زیاتر خۆیان ماندووبكەن، یانەكانیش لەگەڵ یەكتری یاری بكەن، بۆئەوەی بتوانن ئاستی خۆیان بەرەوپێش ببەن، یان ئەگەر بكرێـت تیپەكانی كوردستان ببەنە وڵاتانی دراوسێ بۆئەوەی لەگەڵ ئەوان یاری بكەن و سوود لە ئەزموونی ئەوانیش وەربگیرێت، بەم هۆیانەش ئاستی یاریزانان زۆر پێشدەكەوێـت، وتیشی زۆربەی وڵاتانی تری ئەوروپا و دراوسێ راهێنەری بیانیان هەیە تەنیا لە عێراق و كوردستان نەبێت، كەوا هیچ راهێنەرێكی بیانی نییە بۆئەوەی ئاستی یاریزانان پێش بكەوێت. بەهیواشم لە داهاتوو ئەمكارە بكرێت و ئاستی شەترەنجی كچان بەرەو پێش بچێت لە كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین ركابەری وڵاتان بكەین.
(ئازاد سابیر دیبەگەیی) سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی كوردستان ئەویش لەبارەی ئەم وەرزشە وتی «ئێمە وەكو پرۆگرامی ساڵانەی یەكێتی شەترەنجی كوردستان خول ئەنجام دەدەین، بۆهەردوو ئاستی كوڕان و كچان بەردەوامیش هەوڵمان داوە پاڵەوانتیەكانمان كراوە بێت بۆئەوەی كەسانێكی زۆر مافی ئەوەیان هەبێت بەشداری بكەن، تاكو بتوانن زۆرترین ژمارەی یانەكان بەشداری پاڵەوانەتیەكان بكەن. وتیشی لە ئاستی یاری شەترەنجی ئافرەتان سێ یانە لە كوردستان ئاستیان زۆر بەرزە وەكو یانەكانی (پێشمەرگەی سلێمانی و خانزاد و گارە) زۆربەی یاریزانانی ئەم یانانەش لە خولەكانی عێراقی و عەرەبی بەشدارن و خاوەنی ئەنجامی باشن، بەڵام ئێمە ئارەزووی ئەوە دەكەین كەوا یانەكانی كوردستان هەموویان تیپی شەترەنجیان هەبێـت، بەڵام یانەكانی كوردستان گرنگی بەهەندێك یاری دەدەن، بەڵام یاری شەترەنج پشتگوێ خراوە، لەبارەی هۆكاری پشتگوێخستنی یاری شەترەنج لە كورردستانیش وتی، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەو كەوا لە كوردستان كەسمان نییە یاریزان پێ رابگەیەینێت، پێگەیاندنی یاریزانیش پێویستی بە راهێنەرە بۆئەوەی یاریزانەكانیش خۆیان ماندوو بكەن، پێویستیشە یەكێتیە وەرزشییەكانی لقەكانی شارەكان خولی زیاتر بكەنەوە و هانی كچان بدەن بۆئەوەی زیاتر فشار بخەنە سەر یەكێتیەكان تاكو خولی بەردەوامیان بۆبكەنەوە، لەبارەی كێشەكانیشیان وتی، هۆڵی تایبەت بەخۆمان نییە، هۆڵەكان وا گەورە نین تا بتوانین بە ئارەزووی خۆمان خولی لێ ئەنجام بدەین. زۆرجار پەنا دەبەینە بەر هۆڵێكی بچووك، ئەوەش وایكردووە پاڵەوانەتیەكان لەو ئاستە نەبێت.
(ئازاد بیلال) ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئەویش وتی «ئەم یاریزانە كچانەی كەوا لە یانەكانی كوردستانن، زۆربەیان نوێنەری عێراقن لە پاڵەوانەتیەكانی دەرەوەی عێراقی، ئەوەش مانای وایە ئاستی شەترەنجی كچان وەكو پێویستە، وتیشی هۆكاری خراپی ئاستی كچان لە یاری شەترەنج بۆئەوە دەگەڕێـتەوە بارودۆخی ئاسایش وەكو پێویست نییە لە شارەكانی عێراق، تەنیا لە یانەكانی كوردستان نەبێت كە ئەوان گرنگی بەشەترەنجی كچان دەدەن. وتیشی نەبوونی راهێنەرێكی بەتوانا و هۆڵ زۆر هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم یارییە لەپاش بدات، ئەگەر ئەم هۆكارانە چارەسەر بكرێـت، باشترین ئاستی دەبێت لە كوردستان.
(ئەسعەد ئیسماعیل) جێگری سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی كوردستان وتی «هۆكاری نزمی ئاستی شەترەنجی ئافرەتان لە كوردستان و عێراق بۆئەوە دەگەڕێـتەوە كە راهێنەری نێودەوڵەتیمان نییە كەوا بتوانێ ئاستی یاریزانەكان بەرەو پێش ببات. ئێستاش یاریزانانی كوردستان پێویستیان بە راهێنەرێكی بیانیە بۆئەوەی ئاستیان بەرەوپێش بچێت. پێویستە زیاتر سەردانی وڵاتانی دراوسێ بكرێت، بۆئەوەی ئاشنایەتی باش دروست بێـت. ئەگەر بمانەوێ ئاستی وەرزشی شەترەنجی كوردستان بەرزكەینەوە، دەبێـت راهێنەرێكی بیانی بەتوانا بهێنین بۆئەوەی یاریزانەكانمان لەژێر دەستی ئەوان پەروەردە بكرێن، ئێستا ئاستی یاریزانانی شەترەنجی كوڕان و كچانی كوردستان دابەزیوە، بەڵگەش بۆئەم قسانەم لە ئۆڵۆمپیاتی جیهانی ئاستی هەڵبژاردەی عێراق زۆر خراپ بوو، ئەگەر بكرێت پێداویستی تایبەتی یاری شەترەنج و سەربازگەی مەشقی و هۆڵی تایبەت دروست بكرێت.