سرود حەمید یاریزانی بالەی یانەی سۆران: بۆ ئەنجامدانی مەشقەكانمان زۆرجار دەچینە شارۆچكەی رواندز

سرود حەمید یاریزانی بالەی یانەی سۆران: بۆ ئەنجامدانی مەشقەكانمان زۆرجار دەچینە شارۆچكەی رواندز
سرود لەدایكبووی ساڵی 1992قەزای سۆرانەو یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی تیپی بالەی یانەی سۆران، ئاستێكی بەرزی هەیە لە یاری بالە و ماوەی چەند ساڵێكە لەریزی یانەی سۆرانە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.

*ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- لە ئێستادا ئاستی یاری بالە بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان گرنگی بەم یارییە دەدرێت، بەڵام نەبوونی هۆڵ كێشەیە بۆ یاریزانانی ئەم یارییە بەتایبەتی بۆكچان.
*چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێش بردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
-پێویستە گرنگی تایبەت بدرێت بەكچانی یانەكان، هەرچیەكیش بكرێت بۆكچان هەركەمە، بەڵام ئەگەر هۆڵی داخراو و راهێنەری بەتوانا دابین بكرێت، بێگومان شێكی باشە.
* كێشە و گرفتەكانتان چین بەگشتی لە یانەكەتان؟
- كێشەمان تەنیا نەبوونی هۆڵێكی داخراوە بۆئێمە، زۆرجار دەچینە شارۆچكەی رواندز بۆ ئەنجامدانی مەشقەكانمان، ئەگەر ئەم كێشەمان چاك بكرێت كارێكی زۆر باشە.
*بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە تاكو ئافرەتانی كورد زیاتر بێنە نێو بواری وەرزشی و وەرزش بكەن؟
- گرنگییەكی باش بە تواناكانی كچان بدرێت، لە تەواوی یارییەكان و پێدوایستیان بۆدابین بكرێت. لەگەڵ هۆڵی تایبەت دروست بكرێت بۆكچان و دروستكردنی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانیش زۆر بەسوودە.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا خزمەتی ئافرەتانی وەرزشكار بكەم و خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم، بتوانم ببمە ئەستێرەی ئەم یارییە لە كوردستان.
*چی بەو كچانە دەڵێی كە وەرزش ناكەن؟
-هیوادارم ئەوانیش بێنە نێو وەرزش كردن، بتوانن تواناكانی خۆیان پێشكەش بكەن، كە ئافرەتیش بەشێكی گرنگی كۆمەڵگەیە.
*پێت باش نییە ماوەی خولەكانی كچان زیادبكرێت؟
-بەراستی ئەگەر بكرێت ماوەی خولەكان درێژتر بێت، بۆئەوەی یاریزانەكان بتوانن لەماوەی زۆرتر تواناكانی خۆیان پێشكەش بكەن، خولەكەش گرنگی زیاتری دەبێت.
* لە كۆتایی ئەگەر شتێكت مابێت؟
-هیوادارم زیاتر گرنگی بە وەرزشی كچان بدرێت، ئەگەر بكرێت لە هەموو شارەكان هۆڵ بۆكچان دروست بكرێت و هانی كچان بدرێت بۆ هاتنیان بۆ نێو یاری بالە.
Top