سەفا نوری راهێنەری لاوانی نەورۆز: تا یانەی خۆم راوەستابن بۆ هیچ یانەیەك راهێنەرایەتی ناكەم..

سەفا نوری راهێنەری لاوانی نەورۆز: تا یانەی خۆم راوەستابن بۆ هیچ یانەیەك راهێنەرایەتی ناكەم..
سەفا یەكێكە لە راهێنەرە بەتواناكانی كوردستان لە ئاستی لاوان بۆ تۆپی پێ و چەندین یاریزانی پێگەیاندووە بۆ تیپی یەكەمی یانەكەیان، یەكێك بوو لە یاریزانەكانی یانەی سلێمانی، ئێستاش ماوەی چەند ساڵێكە لە لاوانی یانەی نەورۆز ئەركی مەشقی ئەو یانەی لەئەستۆیە، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* كردنەوەی خولی لاوان بۆ یانەكان تاچەند پێوستە؟
- كردنەوەی ئەم خولانە بۆپێگەیاندنی یاریزانان زۆر گرنگە، سەرەتای هەموو یانەیەك لەم تیپانە دەست پێدەكات. هەموو یانەیەك لە كوردستان دەبێت بنچینەی هەبێت، پێویست بەوەناكات یاریزانی دەرەوەش بهێنین و پارەیەكی زۆری بۆ سەرف كەین. چونكە بە كردنەوەی ئەو خولانە یاریزان دەبێتە هۆی ئەوەی كەوا خۆت بە خێوی كەیت و خۆشیت بەرهەمی بهێنێت.
* ژمارەی ئەو یاریزانانەی لە لاتن لە لاوان چەند یاریزان دەبێت؟
-نزیكەی 25یاریزان دەبێت.
* بۆ دیاری كردنی یاریزانان بۆتیپی لاوان پشت بە چ بنەمایەك دەبەستی؟
- وەكو تیپی لاوانی نەورۆز پارساڵیش لەریزی تازە پێگەیشتوان پلەی یەكەمان بەدەست هێناوە، یاریزانەكان لەگەڵمان سەركەوتوون، بۆ ریزی لاوان زیاتر پشت بە یاریزانانی تەمەن بچووك دەبەستین، لەهەموو لایەك یاریزانی باشمان دەست دەكەوێـت.
* لە یانەكەتان یاریزانانی بەتەمەن دیارن، لە كاتێك ئێوە بە تەمەن بچووك ناسندوتانن.
- یاریزانەكانمان هەر یەكەو هی شوێنێكە، تیایدایە خەڵكی سەیدسادق و چەمچەماڵ و شێوەی هەڵكەوتنەكەی بەپێ ژینگە وایە ئەگەر نا تەمەنیان بچووكە و بە هیچ شێوەیەك یاریزانی بەتەمەنمان نیيە، خۆم لە رەگەزنامە بەدوایان داچوومە.
* كێشەو گرفتان چیە؟
-هیچ كێشەیەكمان نیيە و سوپاس بۆیەكێتی تۆپی پێی كوردستانیش كەوا ساڵانە خول بۆلاوان دەكەنەوە. بەهیوای ئەوەین خولی بەردەوامان بۆئەنجام بدەن.
* یاریزانەكانی تییەكەتان بەشێوازی مووچە یان بۆند لەگەڵتانن؟
-ئەم یاریزانانە هەمووی خۆمان دروستمان كردون، تەنیا مووچەیان هەیە، چونكە ماوەی زیاتر لەپێنج ساڵە لای ئێمەن و بە سێ قۆناغ تێپەڕیون.
*كردنەوەی خولی لاوان بەیەك قۆناغ باشترە یان دوو قۆناغ بێـت؟
-ئەركەكەی قورستر دەبێت ئەگەر دوو قۆناغ بێت، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ئەوەیان بە ئێمە وتووە كەوا ئەوە سەرەتایە ئەو خولە وا دەبێت، ئەگەر بكرێتە دوو قۆناغ باشتریش دەبێت.
* وەكو راهێنەرێك چەند خولی راهێنەریت بینوە؟
-سێ خولم بینیوە و سوودیشم زۆر لێبینیوە.
*هیچ یانەیەك داوای لێ نەكردنی بۆئەوەی ئەركی راهێنەرایەتی وەربگریت؟
-تا ئێستا نەخێر، بەڵام یانەی نەورۆز دوا وێستگەی ژیانی وەرزشیم دەبێت.
*خۆشتیرین یادگاریت لەگەڵ یانەی سلێمانی كاتی خۆی كە یاریزان بوویت؟
-یادگاریم لەگەڵ ئەو یانەیە زۆرە، خۆشترینیان ئەوە بوو لەگەڵ یەك لە یانەكانی تەڵەبە یان جەوییە بوو لە خولەكی 91 گۆڵی یەكسان بوونم بۆ سلێمانی تۆماركرد.
* هەست ناكەی یانەی سلێمانی غەدریان لێكردوی كە تۆیان نەكردووە راهێنەر لە یانەكە؟
-نەك تەنیا لەمن بەڵكو غەدریان لە زۆر یاریزانی تریش كردووە لە یانەكە، لەیانەی نەورۆز بە ئێمەیان وت واز لە یاریكردن بهێنن، بەڵام دەست بەردارتان نابین و كارەكتان پێ رادەسپێرین، ئەگەر یانەی سلێمانی ئەو كارە بكات زۆرباشە بۆیاریزانەكانی تر.
* بۆبەرەو پێشچوونی خولی لاوان چیبكرێت باشە؟
- كاری باشیان كردووە، یەكێـتی تۆپی پێی كوردستان بۆ تیپی لاوانی یانەكانی كوردستان، ئەگەر پاسمان بۆ دابین بكەن ئەو كارێكی باشە، ئەگەر خولەكەش نەكرێتە كاتی قوتابخانە زۆرباشە، چونكە لە كاتی قوتابخانە زۆر ماندومان دەكات.
*ئەگەر یانەیەكی هەولێر داوای راهێنەرایەتیت لێبكات، وەڵامت چی دەبێت؟
-تا یانەكەی خۆم ئامادە بێت، نەخێر بۆهیچ یانەیەك راهێنەرایەتی ناكەم.
Top