شەیما ئەبابەكر یاریزانی یانەی قەڵای توركمان: بە ئومێدم درێسی هەڵبژاردەی كوردستان لەبەر بكەم
* دەستپێكی ژیانی وەرزشیت چۆن بوو، لەكوێ بوو؟
- سەرەتای هاتنم بۆ نێو بواری وەرزش لەقوتابخانەكان یاریم دەكردو دواتریش چوومە یانەی ئاڵاو دوای ئەویش بۆیانەی قەڵا و لەیانەی هەولێر بۆپەروەدەی هەولێرش یاریم كردووە، یاریزانی تیپی بالەی یانەی ئارارات بووم و ئێستاش گەڕاومەتەوە بۆ یانەی قەڵا.
* ئاستی یاری تۆپی دەستی چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- بەڕاستی ئاستی یاری تۆپی دەستی ئێستا بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی لە شارەكانی كوردستان ململانێ باش هەیە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی بەتوانا لەم یارییە، هیوادارم زیاتر ئەم یارییە پەرەبستێنێ.
* ئاستی پاڵەوانیيەتی تۆپی دەستی ئەمساڵ چۆن بوو؟
- باش بوو، بەڵام پێویستبوو ژمارەی یانەكانی كوردستان زۆرتر بوایە پاڵەوانەتیەكە خۆشتر دەبوو.
* چی بكرێت باشە بۆبەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- بەڕاستی پێویستە یانەكانی كوردستان زیاتر گرنگی بە ئاستی كچان بدەن و پاڵەوانەتی زیاتریان بۆبكەنەوە، یانەكان پشتگیری خۆیان زیاتر بۆئەم یارییە بكەن تاكو ئاستی تیپەكان هەر لەبەرەو پێش چوون بێت، كردنەوەی یاریگای تایبەت بەم یارییە بۆیانەكانی كوردستان سوودی باشی دەبێت.
* باشترین دەسكەوتەكانت چین وەكو یاریزان؟
- دەسكەوتی زۆرم لەگەڵ ئەو یانانەی یاریم بۆی كردووە بەدەست هێناوە، بەتایبەتی لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان و تۆپی دەست.
* دەڵێن ژمارەیەك یاری ئەنجام دەدەی؟
- بەڵێ، یاریزانی تۆپی دەست و گۆڕەپان و مەیدان و بالە-شم.
* كێشە و گرفتەكانتان چین بەگشتی لە یانەكەتان؟
- كێشەی نەبوونی یارگامان هەیە، لەسەر یاریگای سەببە مەشق دەكەین.
* چی بكرێت باشە تاكو ئافرەتانی كورد زیاتر بێنە نێو بواری وەرزشی و وەرزش بكەن؟
- لەهەر شارێك قوتابخانەیەكی تایبەت دروست بكرێت، لەگشت یارییەكان كە تایبەت بێت بە ئافرەتان بۆ ئەوەی كەمێك وەرزشی ئافرەتان بەرەو پێش بچێت.
* هیوا و ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا خزمەتی ئافرەتانی وەرزشكار بكەم و خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم و درێسی هەڵبژاردەی كوردستان لەبەر بكەم.
* هەستت چی بوو بوویتە گۆڵكاری خولەكە كە 31 گۆڵت تۆماركرد؟
- زۆردڵخۆش بووم، كە توانیم 31گۆڵ تۆماربكەم و توانیشمان پلەی سێیەم بەدەست بهێنین.
* دەستەی كارگێڕی چۆن هاوكاریتان دەكات؟
-سوپاسی دەستەی كارگێڕی و مامۆستا نامیق دەكەم كەوا زۆر هاوكاریمان دەكات.