سەرۆكی یانەی ((هەڵمەت كۆنفۆ كلۆپ ))ی سویدی خێزانێكی كوردن، یانەكە بە سەرپەرشتی (هەڵمەت ئەمین )كارو چالاكیەكانی بەڕێوە دەچن، هەر لە ساڵی 1992 كە نیشتەجێی شاری ستۆكهۆڵمە ئەم یانەیەیان دامەزراندووە، ساڵی 2009 وەك باشترین راهێنەرو مامۆستای وڵاتی سوید هەڵبژێردراوەو لە لایەن خانەی دەوڵەتەوە بە بڕی 100هەزار كرۆن خەڵات كراوە دوای ئەوە خۆیی و خانەوادەكەی بە فەرمی بانگهێشتی خانەی ناوبراو كراون وەزیری وەرزش و لاوانی سویدی بە نوێنەرایەتی شای سوید خەڵاتەكەی پێ بەخشیون، ئەو دبلۆمەی هەڵمەت دەیبەخشێتە ئەندامانی یانەكەی لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی ددانپیانراوە، زۆربەی قوتابیەكانی خۆی ئێستا بوونەتە خاوەنی یانەی سەربەخۆو لە سوید و وڵاتانی تردا لەوانەش ئەمیر مەحموودی . رێبوار عارف . ئاریف ئاكار . بروسك داڵاهۆ . عەمەردلێمی . نادر موختاری ..لەسەر ئاستی خێزانەكەشی كوڕان و كیژی خۆی لەسەر ئەم هونەرە راهێناوە شاهۆی كوڕی خاوەنی پشتێنی رەشە و لانەی كیژی خاوەنی پشتێنی سوورە و شاڵاویش پشتێنی سەوز و هەرسێكیان وەك راهێنەر لە یانەكەدان، میلان خانمی خێزانیشی وەك قوتابی راهێنراوە لەسەر هونەری كۆنفۆ، هەڵمەت هەر لەگەڵ گەیشتنی بەو وڵاتە چوون گوڵی هێرۆ لەناو بەندەن و سەختەنی كەشەهەوا هەر بە رەونەق و گەشاوەیی خۆیەوە دەپشكوێت ودەمێنێتەوە ئاوها لە تاراوگەدا كۆنفۆی كردۆتە وەرزش و تەسەللای كاتەكانی خۆی و خانەوادەی بەڕێزی پێ دەداتەوە، كۆنفۆ لای ئەمان رێچكەیەكی هونەری و وەرزشییە بۆ گەیاندنی پەیامێك و بۆ بەرز راگرتنی ناوی كوردستان لە وڵاتانی ئەوروپاییدا، لە مێژ بوو ناوی ئەمانم بیستبوو بۆیە بە گەیشتنم بۆ ستۆكهۆڵم راستەوخۆ سەرۆكی یانەكە( سەرەك خێزان)م بینی و لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە رای خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەربڕی (( كۆنفۆ وەرزشێكی رۆحی و جەستەییە بۆ ئارامبوونەوەی دەروون و خۆناسینەوەی مرۆڤ و زاڵبوون بەسەر بڕیارو رەوت و رێچكەكانی ژیاندا، ئەویش بە زاڵبوون بەسەر ماسوولكەكان و هەست و ئارەزووەكان و هزری مرۆڤ هەر لە كۆنترۆڵكردنی باڵانس و هێزو ئەنارژییەوە تا سەنگین كردنی دەروون لە پێناوی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری مرۆڤدا، چونكە گەر هەركەسێك ناخ و دەروون و وزەی خۆی ناسی لە گەوهەری مرۆڤانەی خۆی شارەزا دەبێت و رێز بۆ بەرانبەرەكەی دادەنێت، تەنانەت رێز لە بوونەوەرەكانی سەر گۆی زەویش دەگرێت )) دواتر سەبارەت بە فێربوونی ئەم وەرزشە وتی ((هەر لە منداڵیمەوە دەستم بە مشتەكۆڵەو زۆرانبازی و كاراتییە كردوە، لە قۆناغەكانی تەمەنمدا مامۆستای باشم هەبوون، لەوان ناسڕی شاكەرەم و ئوستادەكانی تری وەك ئوستاد شەعبان لە بۆكسێن، ئیتر كە زیاتر تەمەنم بەرەو فراژی بوون چوو مامۆستایەكی چینی بەناوی ((یان چیلای )) لە فێركردنی كۆنفۆدا هاریكارم بوو، هەروەها مامۆستا ((خولین خوا ))كە لە لایەنی رۆحیەوە پەروەردەی كردوم ؛ كەسێكی تر لە بواری مەساج و شێلان مامۆستام بوو بە ناوی ((پاری شنایدەر )) هەموویان پێكەوە وزەو توانای رۆحی و جەستەیی منیان بە دروستی پەروەردە كردوە بۆ ئەم وەرزشە )) تا ئێستا زیاتر لە دە جار لە لایەن ماسمیدیای سویدەوە ریپۆرتاژ بۆ چالاكیەكانیان
ئەنجام دراوە هەموو جارێك هەلی قۆستۆتەوە تا بە ناوی كوردی كوردستانەوە بئاخڤێت، پێی وایە (( گەر ئەم وەرزشە بە شێوازی پەروەردەیی و بە پراكتیك بخرێتە ناو پرۆگرامی خوێندنی كوردستانەوە سوودی زۆری دەبێت بۆ دروست بوونی كۆمەڵگەیەكی ئارام و تەندروست و وریاو زیرەك )) بەڵگەشی بۆ ئەو راسپاردەیەی خۆی، مناڵەكانێتی كە لەسەرەتای چوونیان بۆ مەكتەب مەشقی كۆنفۆی پێداون بۆیە هەموو ساڵێك لەسەر ئاستی پۆلەكانیان یەكەم بوون، نموونەییترین هاوڕێ و لێبوردەترین كەسی فێرگەكانیان بوون، لە وانەكانیشیاندا باشترین گوێگرو وەرگربوون چونكە لە جەستەودەرووندا وەرزشی كۆنفۆ ئارام و سەنگینی كردون، ئەم وەرزشە چاوو گوێ و هەستەكانی مرۆڤ سەنگین دەكات، توانای تەركیز بەهێزدەكات، درك بە وزە شاراوەكانی ناخ دەكەیت ..