یادی محەمەد یاریزانی تۆپی دەستی یانەی قەڵای توركمان: زۆرم پێ باشە خولەكان وەكو خولی كوڕانی لێبێت
*دەستپێكی ژیانی وەرزشیت چۆن بوو لەكوێ بوو؟
- سەرەتای هاتنم بۆ نێو بواری وەرزش لەقوتابخانەكان یاریم دەكردو دواتریش چوومە یانەی قەڵا، ماوەیەكی زۆریشە لەو یانەیە خەریكی یاری كردنم.
* لە كوردستان ئاستی یاری تۆپی دەست چۆن دەبینی؟
- بەراستی ئاستی یاری تۆپی دەست ئێستا بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتی لە شارەكانی كوردستان ململانێی باش هەیە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی بەتوانا لەم یارییە، بەڵام هێشتا وەكو پێویست نییە كە ئێمە بمانەوێ ئاستی باشتر بێـت، بەڵام خراپیش نییە.
*چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- پێویستە یانەكانی كوردستان زیاتر گرنگی بە ئاستی كچان بدەن و پاڵەوانەتی زیاتریان بۆبكەنەوە یانەكان پشتگیری خۆیان زیاتر بۆئەم یارییە بكەن تاكو ئاستی تیپەكان هەر لەبەرەو پێش چوون بێت، كردنەوەی یاریگای تایبەت بەم یارییە بۆیانەكانی كوردستان سوودی باشی دەبێت.
*كێشە و گرفتەكانتان چین بەگشتی لە یانەكەتان؟
- هیچ كێشەیكمان نییە، یانەكەمان زۆر پشتگیرمان دەكەن، بەڵام پێویستە یاریگایەكی تایبەتمان بۆدروست بكرێت، چونكە لەسەر یاریگای سەبەتە مەشق دەكەین.
*بەبۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە تاكو ئافرەتانی كورد زیاتر بێنە نێو بواری وەرزشی و وەرزش بكەن؟
- لە هەر شارێك قوتابخانەیەكی تایبەت دروست بكرێت لە گشت یارییەكان كە تایبەت بێت بە ئافرەتان بۆئەوەی كەمێك وەرزشی ئافرەتان بەرەو پێش بچێت.
*هیوا و ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
- هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا خزمەتی ئافرەتانی وەرزشكاربكەم و خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم و درێسی هەڵبژاردەی كوردستان لەبەربكەم.
*ئاستی ئەمساڵی خولی تۆپی دەست چۆن بوو؟
-ئاستێكی باشی هەبوو، یاریزانانی یانەكانیش بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە یارییان بۆیانەكان دەكرد، بەڵام بەهیوای ئەوەی بۆ خولەكانی تر یانەكان زیاتر بەشداری بكەن.
*یانەی قەڵای توركمان هاوكاریتان دەكەن؟
-كەمتەرخەمیان نەكردووە سوپاسیان دەكەم.
*پێت باشە خولەكان درێژتربن باشتر نییە؟
-بەلێ، زۆر باشترە زۆرم پێ باشە خولەكان وەكو خولی كوڕانی لێبێت، نەك یەك هەفتە یەك خولی گەورە كۆتایی پێبێت.
*خوێندن گاریگەری نەبوو بەسەر وەرزش كردنت؟
-نەخێر، تاكو خوێندنیشم تەواوكرد، بەرنامەی تایبەتم بۆخۆم دانابوو.
*لە كۆتایی ئەگەر شتێكت مابێت؟
- هیوادارم زیاتر گرنگی بە وەرزشی ئافرەتان بدرێت لە گشت شارەكانی كوردستان، هۆڵی زیاتر بكرێتەوە تایبەت بێت بە وەرزشەكانی ئافرەتان تاكو بەردەوام بن لە مەشقەكانیان.