رەنا عەبدولئەحەد یاریزانی باسكەی یانەی ئەكاد: كێشەی ئێمە ئەوەیە كەوا یانەیەكی بەهێز نییە یارییان لەگەڵ بكەین
* لە كوردستان ئاستی یاری باسكە چۆن دەبینی؟
- ئاستی یاری باسكە بۆئافرەتان وەكو پێویست نابینم، چونكە خول كەم دەكرێتەوە بۆیانەكانی كوردستان و یانەكانی كوردستانیش پێویستیان بەخۆ ماندوو كردنە.
*ئاستی تیپی باسكەی یانەی ئەكاد چۆن دەبینی؟
- یانەكەمان لە یاری باسكە زۆر باشە و گرنگی تایبەتیشی پێدەدات، بەتایبەتی لە هەردوو ئاستی كوڕان و كچان، چونكە یانەی ئەكاد بناغەی پێگەیاندنی یاریزانی هەیە و یانەكانی تر بناغەی ئەم یارییەیان نییە.
*بۆچی ئێوە تاكە یانەن لە شاری هەولێر گرنگی بە یاری باسكە دەدەن؟
- زۆر حەزدەكەم شاری هەولێر یاری باسكەی كچانی هەبێت، با ئاستیان لاوازیش بێت تەنیا بابەشداری پاڵەوانەتیەكان بكەن، ئەگەر ئاستیان خراپیش بێت ساڵ بەساڵ باش دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە شاری هەولێر یاریزان و یانەمان زۆر بێت.
*بەبۆچوونی تۆ بۆچی ئاستی یاری باسكە لە كوردستان وەكو پێویست نییە؟
- چونكە پشتگیری نییە، بۆیاری باسكەی یانەكانیش هیچ شتێكیان نییە بۆئەوەی یاریزان دروست بكەن، پێویستە بناغە هەبێت.
*داواكاری و پێشنیارت چییە بۆلایەنی بەرپرس؟
- پێویستە لەسەریان بەتایبەتی بۆئاستی كچان كاری باش بكەن، بۆئەوەی ئاستیان بەرز بێتەوە و پاڵەوانییەتی ناوەخۆ و دەرەكی بۆیاریزانانی ئەم یارییە دروست بكەن و بیان نێرن بۆ پاڵەوانەتیەكانی دەرەوە تا لەئاستی ئەوان شارەزا ببن، ئێمە لەدەرەوەی عێراق بینیمانە كەوا گرنگی زۆر بەیاری باسكە دەدرێت، بەلام لێرە یەك هەفتە مەشق دەكەین هەفتەی دووەم پاڵەوانەتیەكە بەڕێوە دەچێت.
*هۆكاری چییە لە خولەكانی عێراقی بەشدار نابن؟
-بەهۆی نائارامی شارەكانی عێراقی بەشداری لە پاڵەوانەتیەكان ناكەین، خانەوادەكانمان رێگە نادەن بەشداری بكەین.
*دەڵێن كاری راهێنەریش دەكەی لە یاری باسكە؟
- بەڵێ قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانم هەیە.
*هیواوئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
-هیوادارم ئاستی یاری باسكە لەكوردستان بەرەووپێش بچێت و بەتایبەت بۆ كچان.
*كێشەوگرفتتان چییە لەیانەی ئەكاد؟
- كێشەی ئێمە ئەوەیە كەوا یانەیەكی بەهێز نییە یارییان لەگەڵ بكەین، تەنیا یانەی سەنحاریب بوو، ئەوەش زیاتر تەقلیدیە حەزدەكەین و داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بمان نێرێتە دەرەو بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانەیەتیەكان.
*حەز ناكەی ژمارەی یانەكانی باسكە زیاتر بكرێـت؟
- بەهیوای ئەوەم ژمارەی یانەكانی كوردستان زیاتر بێت بۆ ئەوەی ململانێی زیاتر هەبێت لەنێوان یانەكانی كوردستان.
*یانەكەتان چۆن پشتگیریتان دەكەن؟
-بێگومان باشترین هاوكاری ئێمەن و هیواداریشم بەردەوامبن لە پشتیگری كردنمان.