موراد نەجات گەردی یاریزانی یانەی سەقەری یەمەنی: یانەی هەولێر یانەی خۆمە و بەشانازیەوە یاری بۆدەكەم
*ئاشنا بوونت بە یاری تۆپی پێ چۆن بوو؟
- وەكو هەموو یاریزانێكی تر منیش لەرێگەی قوتابخانەوە هاتمە نێو ژیانی تۆپی پێ و بە پشتگیری خانەوادەكەم توانیم بگەمە ئەو ئاستەی ئێستام.
*ئاستی وەرزشی كوردستانت چۆن بینی ئەمجارە كەهاتیەوە كوردستان؟
-ئاستی وەرزشی لە كوردستان ئێستا قۆناغێكی باشی بڕیوە، منیش لەكاتی هاتنەوەم سەردانی زۆر یاریگام كرد لە گەڕەكانی شاری هەولێر و چوومە زۆریان بۆسەیركردنی ئاستی وەرزشی ئەو شارە، بەڵام ئەوەی من تیبینیم كرد ئاستی وەرزش لێرە زۆر پێشكەوتووە.
*ئەی لە ئەوروپا لە چ ئاستێكە؟
- لای هەموو كەسێ ئاشكرایە وەرزشی ئەوروپا لەوپەڕی ئاست بەرزییە، لە نەمساش وەكو هەموو وڵاتانی ئەوروپا وەرزش لەو وڵاتە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و هیچی كەمتر نیيە لە وڵاتانی تری ئەوروپا.
*چۆن بوو هاتیەوە شاری هەولێر؟
-هەندێك كاری تایبەتم هەبوو لەگەڵ باوكی بەڕێزم هاتمەوە، ماوەی چەند رۆژێكیش لەگەڵ یانەی هەولێر مەشقم كرد.
*لە پاڵەوانەتی ڤیڤا زۆر حەزت دەكرد بۆ هەڵبژاردەی كوردستان یاری بكەی، بەڵام دوایی بەشداریت نەكرد، هۆكارەكەی چیبوو؟
-راستی ئەوە هیوای من بوو درێسی هەڵبژاردەی كوردستان بپۆشم، كێ هەبێـت حەز نەكات درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بپۆشێت، بەڵام من لەگەڵ یانەی تیلال پەیوەست بووم بە بۆندێك، بۆیە نەمتوانی بەشداربم، پەنا بەخوا لە داهاتوو ئەم درێسە دەپۆشم.
*بڕیار بوو لەگەڵ یانەی هەولێر بۆند مۆربكەی بۆچی بۆندەكەت مۆرنەكرد؟
-راستە قسە و باسێكی زۆریش بڵاو كرایەوە لە راگەیاندنەكان كەمن بۆند لەگەڵ یانەی هەولێر مۆردەكەم، بەڵام ماوەی 10رۆژ مەشقم لەگەڵ یانەی هەولێر كرد هیچ كەسێك لە یانەكە نەهات بڵێ كاكە تۆ بەم شێوەیە لەگەڵ ئێمە رێككەوتی، تەنیا قسەبوو خۆ منیش یاریزانێكی پیشەگەرم دەبوایە وەكو یاریزانە عەرەبەكان قسەیان لەگەڵم بكرادایە بزانن من چیم دەویست، بۆیە ئەوانیش قسەیان نەكرد منیش ئامادە نەبووم بێ قسە یاری بۆهیچ یانەیەك بكەم.
*ئەی چۆن بوو چوویتە یانەی سەقەری یەمەنی؟
- كاتێ لە وڵاتی یەمەن لەگەڵ یانەی تیلال یاریم كرد، پاڕساڵ ئاستێكی بەرزم پێشكەش كرد، ئەوانیش پاڵەوانی خولی یەمەن بوون داوایان لێ كردم، بۆیە منیش رازی بووم یاریان بۆبكەم.
*راستە كاتی گەیشتنت بۆ وڵاتی یەمەن یانەی سەقەر پێشوازیەكی گەرمیان لێكردی؟
-بەڵی لەكاتی گەیشتنم بۆ فڕۆكەخانە دەستەی كارگێڕی یانەی سەقەر پێشوازیان لێكردم، منیش زۆر دڵخۆش بووم، چونكە ئەوە بۆمن شەرەفە.
*بۆندی زۆرت بۆهات لەلایەن یانەكانی وڵاتانی عەرەبی، بۆچی لەم هەموو بۆندە باشە وڵاتی یەمەنت هەڵبژارد؟
-راستی یانەی سەقەر لەخولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا بەشداری دەكات، منیش حەز دەكەم وەكو یاریزانێكی كورد خۆم بسەلمێنم، لەم خولە بۆئەوەی بتوانم درێسی هەڵبژاردەی عێراق بپۆشم، بۆیە یانەی سەقەریشم هەڵبژارد ئەگەر نا لە زۆر وڵاتی عەرەبی بۆندم پێشكەش كرابوو.
*دەلێن دوو یانە لە وڵاتی نەمسا بۆندیان پێشكەش كردی بۆچی نەچوویتە ئەو یانانە؟
- بەلێ راست بوو یانەی ئەل تاخ و یانەیەكی تر داوایان لێ كردم، بەڵام من حەزم زیاتر لە خولە عەرەبیەكانە، یاریزانیش لە خولە عەرەبیەكان زیاتر دەدرەوشێتەوە.
*لە كاتی مەشقی هەڵبژاردەی عێراق قسەت لەگەڵ سیداكا كرد بۆچی؟
-منیش وەكو هەموو یاریزانێك مافی خۆمە لە هەڵبژاردەی عێراق یاری بكەم، بۆیە بۆئەوەی سیداكا بمناسی قسەم لەگەڵی كردو زۆریش سەرسام بووم پێم و بەڵێنی ئەوەی پێداوام لە داهاتوو بانگهێشتم بكات بۆ هەڵبژاردەی عێراق، چونكە تا ئێستا نەیزانی بوو كە من لە یانەيەكی وڵاتی یەمەن یاری دەكەم.
*خولی كوردستان خولێكی بەهێزە هیچ زانیاریەكت لەسەری هەیە؟
-ئەوەی راستی بێت هیچ یاریەكەم نە بینیوە، بەڵام زۆر گوێبیستی ئەوە بوویمە كەوا خولی كوردستان خولێكی خۆش و بەهێزە.
*ئامادەی جارێكی تر بگەڕێیتەوە هەولێر و یاری بۆ یانەكەت بكەی؟
-بێگومان یانەی هەولێر یانەی خۆمە و ئەگەر درەفتم بۆ بڕەخسێ بەشانازیەوە یاری بۆدەكەم.
*دەڵێن زۆر خەزت لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی عێراقە؟
-ئەوە هیوای هەموو یاریزناێكە بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی یاری بكات، ئەگەر دەرفەتم بدەنی، دەتوانم لە داهاتوویەكی نزیك خۆم بسەلمێنم لەو هەڵبژاردەیە.
*چیت ماوە لە كۆتایی بۆ گۆڤاری گوڵان؟
-لە وڵاتی یەمەنەوە تا كوردستان رێزم هەیە بۆهەموو هاندەرانی خۆم، كەوا منیان خۆش دەوێت، بەڵێنیان پێ دەدەم بتوانم ئاستێكی بەرز پێشكەش بكەم و سوپاسی گۆڤاری گوڵانی ئازیز دەكەم كە لە وڵاتی یەمەنەوە منی بەسەر كردەوە.