له‌ دیالۆگیَكی كراوه‌دا؛ سالار جه‌لال پرسی "بیَژه‌ری وه‌رزشی" تاوتویَ كرد

له‌ دیالۆگیَكی كراوه‌دا؛ سالار جه‌لال پرسی
بارزان سپۆرت ده‌ست پیَشخه‌ر بوو

پرسی "بیَژه‌ری وه‌رزشی" بووه‌ ناونیشانی یه‌كه‌م دیالۆگی كراوه‌ی رِۆژنامه‌ی بارزان سپۆرت، كه‌ بیَژه‌ری وه‌رزشی (سالار جه‌لال) ئه‌ركی شرۆڤه‌كردنی ئه‌و پرسه‌ی به‌ جیَ گه‌یاند.
دویَنیَ له‌ باره‌گه‌ی رِۆژنامه‌ی بارزان سپۆرت له‌ هه‌ولیَر، یه‌كه‌م زنجیره‌ی دیالۆگی كراوه‌ی ئه‌و رِۆژنامه‌یه‌ ده‌ستی پیَ كرد كه‌ هه‌فتانه‌ هه‌ر جاره‌ و له‌سه‌ر پرسیَك به‌رده‌وام ده‌بیَت، دوای ئه‌وه‌ی سه‌رنووسه‌ری رِۆژنامه‌ی بارزان نیوز پیَشه‌كییه‌كی كورتی له‌سه‌ر ئه‌و دیالۆگه‌ خسته‌ رِوو، ئینجا له‌ دیالۆگه‌كه‌دا (سالار جه‌لال) له‌ باره‌ی پرسی "بیَژه‌ری وه‌رزشییه‌وه‌" بۆ ماوه‌ی 30 خوله‌ك قسه‌ی كرد و باسی سه‌ره‌تاكردنی هاتنه‌گۆرِیَی بیَژه‌ری وه‌رزشیی كوردیی كرد، كه‌ باسی پیَش رِاپه‌رِین و دوای رِاپه‌رٍِین بوو، هه‌روه‌ها باسی چه‌ند مه‌رجیَكی كرد كه‌ پیَویسته‌ له‌ بیَژه‌رانی وه‌رزشیدا بوونیان هه‌بیَت.
سالار پیَی وابوو كه‌ بیَژه‌رانی وه‌رزشی، ده‌بیَت رِۆشنبیریی وه‌رزشی و یاساییان هه‌بیَت، هه‌روه‌ها ئه‌و توانایه‌یان هه‌بیَت، كه‌ هه‌موو باریَكی یارییه‌كه‌ وه‌سف بكات.
له‌ دریَژه‌ی باسه‌كه‌دا، جه‌لال وتیشی: "بیَژه‌رانی وه‌رزشی كوردستان كیَشه‌ی زۆریان هه‌یه‌، ئیَمه‌ هیَشتا له‌ سه‌ره‌تاداین، به‌ڵام رِیَچكه‌یه‌كی باش گیراوه‌ته‌ به‌ر و كار كراوه‌ كه‌ بینه‌ری خۆمان، یارییه‌كان به‌ زمانی كوردی بگوازنه‌وه‌.
دواتر رِۆژنامه‌نووسانی ئاماده‌بووی كۆرِه‌كه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ (بۆتان جه‌لال، زاگرۆس نانه‌كه‌لی، محه‌ممه‌د سه‌عید كورده‌، ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا، جه‌لال په‌ریَشان، هۆشه‌نگ عه‌بدوڵڵا، رِیَبین رِه‌مزی، ئه‌رخه‌وان، شاهین برادۆستی، ئه‌رده‌لان قادر، كارزان كانه‌بی، ئه‌سعه‌د ئیسماعیل و مامه‌یاره‌ ئه‌حمه‌د، به‌ قسه‌ و سه‌رنجه‌كانیان، رِای خۆیان ده‌ربرِی.
Top