سه‌فین دزه‌یی: وه‌زرش نیشانه‌ى ته‌ندروستى و ژیانه‌وه‌یه‌

سه‌فین دزه‌یی: وه‌زرش نیشانه‌ى ته‌ندروستى و ژیانه‌وه‌یه‌
دلیَر ئیبراهیم- هه‌ولیَر
به‌مه‌به‌ستى له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی یانه‌ى هه‌ولیَرى وه‌رزشی و بزاڤی وه‌رزش له‌ پایته‌ختی هه‌ریَمى كوردستان، سه‌فین دزه‌یی وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌ریَمی كوردستان، یانه‌ى وه‌رزشی هه‌ولیَری به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌لایه‌ن د. عه‌بدوللاَ مه‌جید سه‌رۆكی یانه‌ى وه‌رزشی هه‌ولیَر و ئه‌ندامانى ده‌ستى كارگیَرِی یانه‌ به‌گه‌رمی پیَشوازی لیَكرا.
له‌میانی ئه‌م سه‌ردانه‌یدا وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ى بۆ گرنگی وه‌رزش كرد له‌ ژیانی رۆژانه‌ى مرۆڤدا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئیَستا وه‌رزش بۆته‌ زمانی ئاشتى گه‌لان و پیَویسته‌ ئیَمه‌ى كوردیش بایه‌خیَكی زیاتر به‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ بده‌ین.
هه‌روه‌ها وه‌زیری په‌روه‌رده‌ گوتی: وه‌رزش نیشانه‌ى ته‌ندروستى و ژیانه‌وه‌یه‌و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ روانگه‌ى سیستمى نویَی خویَندن بایه‌خیَكی به‌رچاو به‌ وانه‌ى په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی و چالاكی وه‌رزشی و دیَده‌وانى قوتابخانه‌و خویَندنگه‌كان ده‌دات و سالاَنه‌ چه‌ندین پاڵه‌وانیَتی و فیستڤاڵى وه‌رزشی سازده‌كه‌ین.
وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ هاوكارى یانه‌ى هه‌ولیَر و ناوه‌نده‌ وه‌رزشییه‌كانى هه‌ریَمی به‌ پیَویستزانی بۆ سه‌رخستنى پرۆژه‌و چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌و خویَندنگه‌كاندا.
له‌ به‌رامبه‌ردا د. عه‌بدوللاَ مه‌جید سوپاسی ئه‌م هه‌ڵویسته‌ى وه‌زیرى په‌روره‌ده‌ى كردو دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ یانه‌ى هه‌ولیَر هه‌رده‌م له‌ بزاڤ و جموجۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كانى خۆى به‌رده‌وام ده‌بیَت بۆ وه‌ده‌ستهیَنانی ده‌ستكه‌وتی زیاتر بۆ هه‌ریَمی كوردستان و، ئه‌وپه‌رِى ئاماده‌یی خۆیشی بۆ هاوكارى كردنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و چالاكییه‌كانیان و سه‌رخستنى په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی نه‌وه‌كانى دوارِۆژى گه‌له‌كه‌مان دووپات كرده‌وه‌.
پاشان سه‌فین دزه‌یی به‌یاوه‌رى د. عه‌بدوللاَ مه‌جیدو ئه‌ندامانی ده‌ستى كارگیَرِى یانه‌ى هه‌ولیَر یاریگه‌ى هه‌ولیَری نیَوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ركرده‌وه‌ كه‌ به‌شیَك له‌ فیستڤاڵ و چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كانى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌م یاریگه‌یه‌ ئه‌نجام ده‌دریَت..
Top