رێناس محەمەد یاریزانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی: ئاستی كچان لەیارییە سیانیەكان لەكوردستان نزمە
* چۆن دەڕوانیە ئاستی وەرزشی ئافرەتان؟
- بە گشتی ئاستی وەرزشی ئافرەتان باشە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئاستی جیهانی، لەچەند ساڵی داهاتوو دەتوانین بگەینە ئاستێكی بەرزتر، بەڵام ئەگەر سەیری یارییەكان بكەین دەبینین لە یاری مەلەوانی ئاستی ئافرەتان زۆر نزمە و لە یارییەكانی تر تا راددەیەك باشە بەتایبەتی یارییە تاكەكان.
* بۆچی یارییە سیانییەكان ئافرەت بەكەمی ئەنجامی دەدەن؟
- چونكە یارییەكی قورسە پێویستی بە ماندووبوونێكی زۆر هەیە و 3 یاری جیاواز ئەنجام دەدرێت، ئەمەش پێویستی بە ماندووبوونێكی زۆر هەیە، لەهەمان كاتدا دایك و باوكی یاریزانەكان رێگە بەكچەكانیان نادەن مەلەوانی بكەن، بۆیە ئافرەت بەكەمی ئەم یارییە ئەنجام دەدەن.
* چۆن ئاشنای یاری سیانییەكان بوویت؟
- سەرەتا لەیانەی پێشمەرگەی سلێمانی مەلەوانیم دەكرد و هەروەها یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان بووم، دواتر مەشقم لەسەر یاری پایسكیل سواری كرد توانیم جێگەی خۆم لەم یارییە بكەمەوە، زیاتر لە 3 ساڵە ئەم یارییە ئەنجام دەدەم.
* گرنكترین دەستكەوتەكانت چییە؟
- ماوەی 3 ساڵە ئەم یارییە ئەنجام دەدەم لە هەرسێ ساڵ پلەی دووەمم لەسەر ئاستی عێراق بە دەست هێناوە و بەشداریم لە پاڵەوانیەتی عەرەبی كرد توانیم پلەی دووەم بە دەست بهێنم.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت بۆ ئەوەی ئافرەت بێتە نێو ئەم یارییە؟
- سەرەتا دەبێت دایك و باوكەكان رێگە بە كچەكانیان بدەن وەرزش بكەن و هەروەها هەموو شتێكیان بۆ دابین بكەن، زۆر سوپاسی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی دەكەم، چونكە هەموو شتێكی بۆ دابین كردووم لە لایەنی ماددی و جل و بەرگ و من تاكە كچم لەم یانەیە ئەم یارییە ئەنجام دەدەم، راهێنەری تایبەتیم نییە و خۆم گرنگی بە مەشقەكانم دەدەم، هەرچەندە پێویستم بە راهێنەرێكی تایبەت هەیە تاكو ئاستم زیاتر پێش بكەوێت.
* بۆچی راهێنەری تایبەتیت نییە؟
- هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەكــــــوردســـتان راهێنەری تایبەت بەم یارییە نییە و هەروەها پاڵپشتی ماددی بۆ راهێنەرەكان نییە.
* هیواو ئامانجت چییە وەكو كچە یاریزانێك؟
- حەز دەكەم بگەمە ئاستێك بتوانم بەشداری لە پاڵەوانیەتی جیهانی و ئەوروپی بكەم، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتێكی ماددی زۆر هەیە و تا ئێستا هیچ داوتنامەیەك پێشكەش بە ئێمە نەكراوە.
* دوا وتەت چییە؟
- لە كۆتاییدا هیوادارم زیاتر بایەخ بەم یارییە بدەن و هەروەها كچەكان زیاتر روو لەم یارییە بكەن، چونكە یارییەكی زۆر خۆشە.