یوسف سركال جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گۆڵاندا: لە داهاتوودا یانەی هەولێر دەبێتە گەورەترین یانە لە عێراق

یوسف سركال جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گۆڵاندا: لە داهاتوودا یانەی هەولێر دەبێتە گەورەترین یانە لە عێراق
دوای ئەوەی محەمەد بن هەمام سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا گەیشتە هەولێری پایتەخت، بە مەبەستی بەسەركردنەوەی پڕۆژە وەرزشییەكان، لەهەمان كاتدا جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانانی ئاسیا یوسف سركال لەگەڵ شاندەكە بوو، یوسف سركال دووەم گەورەترین كەسایەتی وەرزشیە لە ئاسیا و پێشتر سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات بووە، دواتر دەستی لەكار كێشاوە و خۆی بۆ جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پاڵیوراو كرد و توانی ئەم پۆستە وەربگرێت، بەپێوستمان زانی لەنزیكەوە دیمانەیەكی تایبەت بە گۆڤاری گۆڵان لەگەڵیدا ئەنجام بدەین.
* هۆكاری سەردانەكت بۆ هەولێر چ بوو؟
- جێگەی شانازییە بۆ من كە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بكەم، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی وەرزشی بم لە كوردستان و عێراق بەتایبەتی یاری تۆپی پێی.
* چۆن دەڕوانیە بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزش؟
- ئەوەی راستی بێت دوای ئەم سەردانە لە نزیكەوە ئاگاداری بایەخی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووین كە بە وەرزشی دەدات، بۆ ئەوەی ئاستی وەرزش پێش بكەوێت و بگاتە ئاستی جیهان، ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە.
* چۆن دەڕوانیتە یاریگە وەرزشییەكانی كوردستان؟
- سەردانی گشت یاریگاكانی هەولێری پایتەختمان كرد، بەڕاستی یاریگاكان جێگەی دڵخۆشیە، چونكە بوونی ئەمجۆرە یاریگایانە دەبێتە هۆكاری دروستبوونی یاریزان بۆ دواڕۆژ.
* شاری هەولێرت چۆن بینی؟
- بەڕاستی شارێكی خۆشە و جوانە و خەڵكەكەی وەرزشوانە و زۆریان حەزیان بە وەرزشە و بایەخی پێ دەدەن، شارێكی پێشكەوتووە و چاوەڕوان دەكەم لە چەند ساڵی داهاتوو زیاتر پێش بكەوێت لە هەموو روویەكەوە و یانەی هەولێریش ببێتە گەورەترین یانە لەسەر ئاستی عێراق.
* یانەی هەولێرت چۆن بینی؟
- یانەی هەولێر یانەیەكی پێشكەوتووە لەسەر ئاستی عێراق، یاریگای گونجاوی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی یارییە نێودەوڵەتییەكان و ئێستا چەندین پڕۆژەی بازرگانی تایبەت بە یانەكە هەیە بۆ ئەوەی لە دواڕۆژ پشت بەخۆی ببەستێت بۆ دابینكردنی داهات و خاوەن دەستەی كارگێڕی و سەرۆكێكی نموونەییە، پێشبینی دەكەم ئەم یانەیە زیاتر پێش بكەوێت لە هەموو روویەكەوە و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
* چۆن دڕوانیە ئاستی ناوبژیوانانی عێراق؟
- وەكو سەرۆكی لیژنەی ناوبژیوانانی ئاسیا، ئاستی ناوبژیوانەكانی عێراق پێشتر باشتر بوو لە ئێستا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی عێراق بە چەندین كێشە تێپەڕ بووە، بۆیە ئاستی ناوبژیوانەكان و وەرزش لە عێراق بە گشتی دابەزیوە، بەڵام پەنا بەخوا دووبارە عێراق دەگەڕێتەوە دۆخی جارانی خۆی و ئێمە یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بە هاوكاری یەكێتی تۆپی پێی عێراق گشت هەوڵێكمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئاستی تۆپی پێی لە عێراق پێش بكەوێت.
* بۆچی سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی ئیماراتت جێهێشت؟
- لەبەر چەند هۆكارێكی تایبەت بە خۆم و رێگەم بۆ كەسانی تر كردەوە بۆ ئەوەی بێنە نێو یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات، بەڵام خەلفان رمیسی بووە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئیمارات، ئێستا تۆپی پێی ئیمارات پێشكەوتووە و زیاتر بایەخی پێدەدرێت، بەڵگەشم بەدەستهێنانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی ئیمارات بۆ جامی كەنداو لەسەر ئاستی هەڵبژاردە ئۆڵۆمپی و هەروەها بە سەركەوتنی هەڵبژاردەی لاوانی ئیمارات بۆ جامی جیهانی لەسەر ئاستی لاوان.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم و بەڕاستی لەگەڵ گەیشتنم بۆ هەولێر پێشوازییەكی زۆریان لێكردم، ئەمەش زۆر دڵی خۆش كردم و هیوادارام زیاتر وەرزش پێش بكەوێت لە كوردستان و عێراق.
Top