محەمەد بن هەمام لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا: ئابڵوقەی وەرزشی تەنیا لەسەر هەولێر هەڵگیراوە ئەو تیپەی نەیەتە هەولێر بە دۆڕاو دادەنرێت

محەمەد بن هەمام لە دیدارێكی تایبەتی گۆڤاری گوڵاندا: ئابڵوقەی وەرزشی تەنیا لەسەر هەولێر هەڵگیراوە ئەو تیپەی نەیەتە هەولێر بە دۆڕاو دادەنرێت
محەمەد بن هەمام لە ساڵی 1949 لە وڵاتی قەتەر لە دایكبووە، لە ساڵی 2002 تا ئێستا سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیایە و لە ساڵی 1996 تا ئێستا ئەندامی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتیە، سەرەتا بۆ ماوەی ساڵێك لە وڵاتی قەتەر سەرۆكی یانەی رەیان بوو، دواتر كرایە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی قەتەر.
محەمەد بن هەمام لەگەڵ گەیشتنی بۆ شاری هەولێر لە لێدوانێكیدا وتی: دیداری سەرۆك بارزانی شانازییە بۆ من و حەز دەكەم چاوم پێی بكەوێت.
هاتنی هەمام بۆ كوردستان دەستكەوتێكی ترە بۆ وەرزشی كوردستان، چونكە زیاتر لە 20 ساڵە بەرپرسێكی گەورەی وەرزشی نەهاتۆتە عێراق، لە هەمان كاتتدا ئەم سەردانە گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەبوو، چونكە بن هەمام لە نزیكەوە ئاگاداری ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو و هەروەها یاریگە وەرزشیەكانی شاری هەولێری بەسەركردەوە و سەردانی پرۆژەی گۆڵی كرد، كە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، لە هەمان كاتتدا چاوی بە سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و د.بەرهەم ساڵح سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر كەوت و لە نزیكەوە ئاگاداری بایەخپێدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزش بوو، دواتر سەردانی یانەی وەرزشی هەولێری كرد و ئاگاداری پێشكەوتنی ئەم یانەیە بوو لە هەموو روویەكەوە ئەمەش بووە جێگەی دڵخۆشی بن هەمام و تەئكیدی كردووە، كە هەولێر دەبێتە شوێنی میوانداریكردنی گشت یارییەكانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەكانی عێراق و هەروەها دەتوانێت میوانداری گەورەترین پاڵەوانییەتی بكات، چونكە هەموو پێداویستیەكان لەم شارە دابین كراون، لە دەرفتێكدا چاوپێكەوتنێكی تایبەتمان بەگوڵان لەگەڵ دووەم كەسایەتی وەرزشی لە جیهان ئەنجام دا، كە تیاییدا باسی هەڵبژاردەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق و پرۆژەی گۆڵ و یانەی هەولێر و بایەخدانی حكومەتی هەرێم بە وەرزش دەكات.
* چاوپێكەوتنی بەڕێزتان لەگەڵ جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چۆن بوو؟
- بەڕاستی چاوپێكەوتنێكی سەركەوتوو بوو، جەنابی سەرۆك ئاگاداری گشت چالاكییە وەرزشییەكانی كوردستان و عێراق و جیهانە، لەم چاوپێكەوتنە باس لەچۆنیەتی پێشكەوتنی تۆپی پێ لە عێراق كرا و پشتگیری جەنابیان بۆ وەرزشی عێراق بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی كرا، ئێمە وەكو یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا دەستخۆشیمان لە جەنابیان كرد بۆ ئاسانكاری كردنی بۆ هەر چالاكییەكی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا كە لە هەولێر ئەنجام دەدرێت، لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكە پەیمانی پێداین كە لەپاڵپشتیكردنی وەرزش بەردەوام بێت و چەندین پڕۆژەی وەرزشی لە شارەكانی كوردستان بكاتەوە، وەكو دروستكردنی یاریگە و هۆڵ و چەندین شتی تر، ئەوەی راستی بێ زۆر شانازی بە چاوپێكەوتنی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەم.
* چۆن دەڕوانتیە پشتگیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وەرزشی كوردستان؟
- ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییەكی تەواوی وەرزشی عێراق دەكات و هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین كردوون، ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ وەرزشوانانی عێراق.
* سەردانتان بۆ كوردستان بە داوەتی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو؟
- ئەوەی راستی بێت، دەبوایە زووتر سەردانی هەولێر بكەم بە تایبەتی لەكاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی ئاسیا بۆ لاوان كە لەشاری هەولێر ئەنجام درا، ئەوكات بەفەرمی داوەتی شاری هەولێر كرام و هەروەها لەكاتی یاری جامی یەكێتی ئاسیا بۆ تۆپی پێ لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و كوەیتی كوەیتی، بەڵام بەهۆی كاری تایبەتی خۆم نەمتوانی ئەوكات بێمە هەولێر، لێرەوە زۆر سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكەم كە منیان داوەتی كوردستان كردووە، ئەمە یەكەمجارە سەردانی كوردستان دەكەم.
* ئامانجی سەردانەكت بۆ شاری هەولێر چییە؟
- ئەوەی راستی بێت ئامانجی سەردانەكەم بۆ سەیركردنی یاریگە وەرزشییەكانی شاری هەولێرە و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی ئەمنی ئەمشارە بم، لەهەمان كاتدا دەمەوێ پڕۆژەی گۆڵ بەسەر بكەمەوە، كە قۆناغێكی لە شاری هەولێر ئەنجامدراوە، من سەرۆكی ئەم پڕۆژەیەم لەیەكێتی نێودەوڵەتی تۆپی پێی(فیفا)، بەڵام بە گشتی ئەم سەردانەم بۆ هەولێر زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بارودۆخەكان بم.
* دوای ئەوەی سەردانی پڕۆژەی گۆڵ-ت كرد، ئەم پڕۆژەیەت چۆن بینی؟
- ئەمە دووەم پڕۆژەیە لە عێراق ئەنجامی دەدەین، دوای ئەوەی لە پڕۆژەی یەكەم باڵاخانەی یەكێتی تۆپی پێی عێراقمان نوێكردەوە، پڕۆژەی دووەمی گۆڵ لە شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت دوا بەدوای فەرمانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری هەولێر بە سوپاسەوە پارچە زەوییەكی پێشكەش كردین بۆئەوەی بتوانین ئەم پڕۆژەیە لەهەولێر بە ئەنجام بگەیەنین، پڕۆژەكە پێكهاتووە لە شوێنی حەوانەوەی یاریزانان و یاریگایەكی بچووك بۆ ئەنجامدانی ئۆردوگای مەشقی و ژووری لێهاتوویی جەستە و ژووری ساونا و چەند هۆڵێك بۆ كۆبوونەوەو پێشوازی جگە لەمەش 21 هەزار مەتر دووجا زەوی ئامادەكراوە بۆ ئەوەی بتوانین چەند یاریگایەكی تر دروست بكەین بۆ مەشقكردن. رەنگە لەساڵی داهاتوو دەست بە دروستكردنی ئەم یاریگایانە بكەین لەگەڵ چەند پڕۆژەیەكی تری ئاسانكاری، هەوڵ دەدەین پڕۆژەی سێیەم و چوارەمی گۆڵ لە عێراق ئەنجام بدەین، تا راددەیەكی زۆر ئەم دوو پڕۆژەیە هەر لە هەولێر دەبێت.
* دوای تەواوبوونی پڕۆژەكانی گۆڵ پڕۆژەی دیكەتان لەبەر دەستە؟
- بەڵێ، دوای تەواوبوونی پڕۆەژی گۆڵ هەوڵ دەدەین یاریگایەكی گەورە بە چیمەنی دەستكرد دروست بكەین بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ تۆپی پێی عێراق.
* چۆن دەڕوانیتە شاری هەولێر؟
- ئەوەی راستی بێت ئەمشارە زۆر سەرنجی راكێشام، لە پاك و خاوێنی و جوانی هەولێر و هەروەها شوێنی حەوانەوەی یەكجار جوانی تێیدایە، بەڕاستی ئەمشارە شایستەی میوانداریكردنی گەورەترین پاڵەوانیەتییەكانە، جا چ لەسەر ئاستی ئاسیا یاخود عەرەبی یان كەنداو بێت، ئەوەی زیاتر دڵی خۆش كردم خەڵكی ئەم شارەیە، كە پێشوازیەكی گەرمی لێكردین بە لێوی بە خەندەوە دێنە لامان، لە شاری هەولێر زۆر دڵخۆشم.
* دوای ئەوەی یانەی هەولێر بەهۆی راگرتنی تۆپی پێی عێراق لە جامی یەكێتی ئاسیا دوورخرایەوە، ئایا لە پاڵەوانیەتییەكانی داهاتوو قەرەبووی یانەی هەولێر دەكرێتەوە؟
- بەهۆی دەست تێوەردانی حكومەت و لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق لە كاروباری یەكێتی تۆپی پێی عێراق، ئەمەش بووە هۆكاری راگرتنی تۆپی پێی عێراق لەم كاتەدا، بۆیە یانەی هەولێر لەجامی یەكێتی ئاسیا دوورخرایەوە، بە پێی یاسای ناوخۆی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا، كە هیچ یانەیەك مافی بەشداریكردنی لە پاڵەوانیەتی داهاتووی نییە ئەگەر لە یەكێك لە پاڵەوانیەتییەكان دوورخرایەوە، بۆیە یانەی هەولێر ناتوانێت بەشداری لە پاڵەوانیەتی جامی یەكێتی ئاسیا بكات لە وەرزی داهاتوو ئەگەر نەبێتە پاڵەوان یا پلەی دووەم بە دەستبهێنێت، جێگەی داخ بوو، كە ئەم پاڵەوانیەتیە یانەیەكی وەكو یانەی هەولێری لە دەستدا، بۆیە هیوادارین یانەی هەولێر بتوانێت لە داهاتوودا بەشداری لە پاڵەوانیەتییەكانی ئاسیا بكات.
* یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریریت چۆن بینی؟
- یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پێشتر ئەم یاریگایەی بۆ یارییەكانی جامی یەكێتی ئاسیا و یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی ئاسیا لەسەر ئاستی لاوان بەكار هێنا، دوای ئەوەی لە نزیكەوە ئەم یاریگایەم بینی، بەڕاستی یاریگایەكی خۆشە.
* یانەی هەولێرت چۆن بینی؟
- زۆر شانازی بەم یانەیە دەكەم، چونكە لەم یانەیە هەموو پێداویستیەكی تێیدا دابین كراوە، وەكو لایەنی دارایی، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتێكی گەورەی ئەم یانەیە دەكات و لایەنی بازرگانی، كە ئێستا چەندین پڕۆژەی بازرگانی ئەنجام داوە بۆ ئەوەی پشت بەخۆی ببەستێت لە داهاتوودا و هەروەها یاریزانەكانی ئەم یانەیە جێگەی رێزن، لە هەمان كاتدا خاوەن دەستەی كارگێڕی و سەرۆكێكی نموونەییە، بۆیە هەموو شتێك لەم یانەیە نموونەییە.
* ئایا ئابڵوقەی وەرزشی تەنیا لەسەر شاری هەولێر هەڵگیراوە؟
- هەر شارێك بارودۆخی ئەمنی گونجاو بێت، دەتواندرێت یارییە نێودەوڵەتییەكان لەو شارە بەڕێوە بچێت، بەڵام ئێستا تەنیا تەركیزمان لەسەر شاری هەولێرە و ئابڵوقەی وەرزشی تەنیا لەسەر شاری هەولێر هەڵگیراوە، لە داهاتوودا ئەگەر لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆك هەموو پێداویستییەكان دابینكرا، ئەوە لیژنەیەكی تایبەت دەنێرینە ئەم دوو شارە، ئەوكات ئەوان بڕیاری خۆیان دەدەن.
* ئایا یارییە نێودەوڵەتییەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە چ شوێنێك ئەنجام دەدرێت؟
- بە بڕیاری مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ئابڵوقەی وەرزشی لەسەر شاری هەولێر هەڵگیرا، بۆیە ئێستا گشت یارییە نێودەوڵەتییەكانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەكانی عێراق تەنیا لە هەولێر ئەنجام دەدرێت و دەبێت گشت هەڵبژاردەكان، كە دژی عێراق یاری دەكەن بێنە هەولێر، ئەمە بڕیاری كۆتاییە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە، لەهەمان كاتدا رێگە بەهیچ یانەیەكی عێراق نادەین لە پاڵەوانیەتییەكانی ئاسیا لە دەرەوەی شاری هەولێر یاری بكات.
* ئەگەر هەڵبژاردەكان یان یانەكان ئامادە نەبوون بێنە هەولێر، بڕیاری ئێوە چی دەبێت؟
- ئەوەی راستی بێت ئەمە بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتیە، كە شاری هەولێر میوانداری هەر چالاكییەكی نێودەوڵەتی بكات، بۆیە دەبێت گشت هەڵبژاردەكان یا یانەكان بێنە شاری هەولێر بۆ ئەوەی یارییەكان ئەنجام بدەن، ئەوەی ئامادە نەبێت ئەوە بەپێی یاسا یارییەكەی بە دۆڕاو دادەندرێت و دواتر یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و یەكێتی تۆپی پێی نێودەڵەتی سزای خۆی دەدات و یەكێتی تۆپی پێی عێراق قەرەبووەی یاسایی وەردەگرێت لە تیپی بەرامبەر.
* دەستنیشانكرنی شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەسەر داواكاری حوسێن سەعید بوو یا بە بڕیاری فیفا و یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا بوو؟
- دەستنیشانكردنی شاری هەولێر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەسەر بڕیاری یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و نێودەوڵەتی بوو، چونكە نوێنەری هەردوو یەكێتی دەبێت لە هەڵبژاردنەكان ئامادە بێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكان بە دیموكراسی بەڕێوە بچێت.
* بڕیاری ئێوە چییە دەربارەی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق؟
- ئەوەی راستی بێت ئێمە هیوادار بووین كە هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لە كات و ساتی خۆی ئەنجام بدرابایە، بۆ ئەوەی تۆپی پێی عێراق لەم قەیرانەی ئێستا رزگاری بێت، بەڵام بەهۆی چەند كێشەیەك، كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا و عێراق و فیفا بوو، بۆیە بڕیاری نوێكردنەوە بۆ ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق درا بۆ ماوەی ساڵێك. بۆیە هیوادارین بە زووترین كات ئەم هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، چونكە هەڵبژاردن باشترین پرۆسەی دیموكراسییە و دەستەی گشتی یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەتوانن بە بۆچوونی خۆیان شیاوترین كەس بۆ یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەستنیشان بكەن.
* ئایا ئەم سەردانە بۆ پاڵپشتی كردنی حوسێن سەعید بوو بە مەبەستی سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی یەكێتی تۆپی پێی عێراق؟
- ئێمە پاڵپشتی لە تۆپی پێی عێراق و وەرزشی عێراق و یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكەین، هەر كەسێك ببێتە سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق لەلای ئێمە گرنگ نییە و هیچ جیاوازییەكی نییە و پشتگیری لە هیچ كەسێك ناكەین لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی یەكێتی تۆپی پێی عێراق.
* ئایا پشتگیری لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق دەكەن؟
- ئێمە وەكو یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا ئامادەین پشتگیرییەكی تەواوی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بكەین بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت و بەشداری لە هەموو چالاكییە نێودەوڵەتییەكان بكات.
* چۆن دەڕوانیە دەست تێوەردانی حكومەتی عێراق لە كاروباری یەكێتی تۆپی پێی عێراق؟
- بەپێی یاساكانی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی كە باس لەوە دەكات دەبێت وەرزش و سیاسەت لە یەك جیاواز بكرێتەوە، ئێمە دژی دەستێوردانی حكومەتین لە كاروباری یەكێتی تۆپی پێی عێراق، یا هەر وڵاتێكی تر، ئێمە دەستخۆشی لە حكومەتێ دەكەین ئەگەر پاڵپشتی یەكێتیەكان بكات و لەلایەنی داراییەوە و ئاسانكارییان بۆ بكات.
* چۆن دەڕوانیتە میوانداریكردنی شاری بەسرە بۆ جامی كەنداو؟
- ئێمە وەكو یەكێتی تۆپی پێی ئاسیا پشتگیرییەكی تەواوی میوانداریكردنی شاری بەسرە بۆ جامی كەنداو دەكەین، هیوادارین لە داهاتوودا گشت شارەكانی عێراق بتوانن میوانداری یارییە نێودەوڵەتیەكان بكەن.
* دوا وتەت بۆ خەڵكی كوردستان چییە؟
- هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم و سوپاسی ئەم پێشوازیەیان لێدەكەم.
Top